به‌ر له‌وه‌ی زاراوه‌ی «ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست» و گرینگیی ئه‌و ناوچه‌یه له باری جۆغرافیایی و ژێئۆپۆلیتیكییه‌وه شیبكرێته‌وه، گوته‌یه‌كی «كاندۆلیزا رایس» ڕاوێژكاری پاراستنی میللیی وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به نموونه ده‌هێنینه‌وه كه ده‌ڵێ: «ماوه‌یه‌ك دوای ته‌واوبوونی شه‌ڕی دووهه‌می جیهانی، ئه‌مریكا سووربوو له سه‌ر ئه‌وه كه له ئوڕووپادا گۆڕانكارییه‌كی درێژخایه‌ن پێكبێنێ، هه‌ر بۆیه‌ش بڕیارده‌رانی ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا _ پاش قوربانیدانێكی زۆر له ڕه‌وتی شه‌ڕدا _ كاری خۆیان بۆ ئوڕووپای شه‌ڕتێكه‌وتوو كه هیچكه‌س به خه‌یاڵیدا نه‌ده‌هات، ده‌ستپێكرد. ئێمه و خه‌ڵكی ئوڕووپا، له پێناو دامه‌زراندنی دێمۆكراسی و به‌دیهێنانی گه‌شه و په‌ره‌سه‌ندندا، خۆمان به ئه‌مه‌گدار زانی. به‌ڵام ئه‌وڕۆ، ئێمه و هاوپه‌یمانه‌كانمان ده‌بێ ده فكری گۆڕانكاریی درێژخایه‌ن له شوێنێكی دیكه‌ی جیهاندا بین و ئه‌وجێگه‌یه‌ش شوێنێك نییه جگه له ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست». هه‌روه‌ك ده‌زانین زاراوه‌ی «ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست» زۆر له‌مێژساڵه له ناو كۆڕوكۆمه‌ڵی سیاسی و دیپڵۆماسی‌دا جێی خۆی گرتووه. سه‌باره‌ت به ڕووبه‌ر و پانتایی سروشتی و جۆغرافیایی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست، كه له پاكستان و ئه‌فغانستانه‌وه ده‌ستپێده‌كا و تا میسر و لیبی له باكووری ئه‌فریقا درێژده‌بێته‌وه، ده‌كرێ به گه‌لێك دیارده و تایبه‌تمه‌ندیی هاوبه‌ش ئیشاڕه بكرێ كه پێكهێنه‌ر و دیاریده‌ری ئه‌و ناوچه‌یه‌ن. 1) دیارده‌ی سروشتی: ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست به تێكڕایی ناوچه‌یه‌كی گه‌رم و بێئاوه. یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه، هه‌بوونی ده‌شت و سه‌حرای ویشك و برینگ و بێ‌ئاو و، نه‌بوونی شیناوه‌رد و جه‌نگه‌ڵ و لێڕه‌واره، كه له سه‌ر خوڵق و خووی كۆمه‌ڵایه‌تی خه‌ڵكی ناوچه‌دا ته‌ئسیریان داناوه و، جۆره كولتوورێكی تایبه‌ت به‌و ناوچه‌یه‌ی پێكهێناوه. ئه‌و ناوچه‌یه به‌گشتی، یه‌كێك له ناوچه كه‌مئاو و بێئاوه‌كانی جیهان له قه‌ڵه‌م دراوه. هه‌ر بۆیه‌ش، به درێژایی مێژوو، به مه‌به‌ستی دست پێڕاگه‌یشتن به سه‌رچاوه‌ی ئاو، زۆرجاران له نێوان خه‌ڵكی ناوچه و ده‌وڵه‌تانی دراوسێدا شه‌ڕ و ناكۆكی ڕوویداوه. بۆ نموونه: گێره‌وكێشه‌ی ساڵانی ڕابردووی نێوان ئێران و ئه‌فغانستان له سه‌ر چۆمی هیرمه‌ند، شه‌ڕ و كێشه‌ی نێوان ئێران و عێراق له‌سه‌ر زێی ئه‌روه‌ندڕوود|شه‌تولعه‌ڕه‌ب (یه‌كێك له هۆیه‌كانی شه‌ڕ)، به‌گژیه‌كداچوونی وڵاتانی میسر و ئه‌تیۆپی و سودان له سه‌ر چۆمی نیل، نێوانناخۆشیی وڵاتانی سووریا و عێراق و توركیا له سه‌ر چۆمی دیجله و فورات. وه ته‌نانه‌ت هێندێك كه‌س له سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن كه داگیركردنی لێواری ڕۆژئاوای چۆمی ئۆرده‌ن و به‌رزایی گوڵان(جولان)ی سووریا له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه له ساڵی 1967، به مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی ئاو بووه. له خۆڕا نییه كه «پێترووس غالی» سكرتێری پێشووی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كاتی خۆی گوتبووی: «شه‌ڕی داهاتووی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست له سه‌ر ئاو ده‌بێ». ڕاسته كه گه‌لێك فاكتۆری به‌هێز و دیارده‌ی به‌رچاوی دیكه له ماوه‌ی ئه‌و ساڵانه‌ی دواییدا سه‌ریان هه‌ڵداوه و، ده‌بنه هۆی گێره و كێشه له داهاتوودا، به‌ڵام ڵه‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مه‌سه‌له‌ی ئاو، ده‌توانێ یه‌كێك له فاكتۆره گرینگه‌كانی ناكۆكی و شه‌ڕ هه‌ڵائیسێن له ناوچه‌دا بێ. 2) دیارده‌ی ژێئۆپۆلیتیكی: له هیچكه‌س شاراوه نییه كه ئه‌و ناوچه‌یه هه‌ر له زۆر كۆنه‌وه، وه‌ك ئاڵقه‌ی پێوه‌ندی له نێوان ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوادا، نه‌خشێكی گه‌رینگ و پڕبایه‌خی هه‌بووه. كه‌م ناوچه له جیهاندا هه‌بووه كه به قه‌را ئه‌و ناوچه‌یه له نێوان خه‌ڵكی خانه‌خوێ و دانیشتووانی خۆماڵی له‌لایه‌ك و، خه‌ڵكی به‌یانی و هه‌نده‌ری و ده‌ستدرێژكه‌ر له‌لایه‌كی دیكه‌وه ده‌ست به ده‌ست كرابێ، بۆ نموونه: هه‌ڵمه‌ت و په‌لاماری ئه‌سكه‌نده‌ری مه‌قدۆنی، شه‌ڕه‌كانی سه‌لیبی له نێوان مه‌مالیكی ئیسلامی و وڵاته مه‌سیحییه‌كاندا، داگیركردن و له‌ناوبردنی ده‌وڵه‌تی بیزانس (ڕۆمی شه‌رقی) له‌لایه‌ن توركانی عوسمانییه‌وه، په‌لئاوێژی و ده‌ستدرێژیی ده‌وڵه‌ته كلۆنیالیسته‌كانی ئوڕووۆپایی و، ته‌نانه‌ت هه‌ڵمه‌تی نیزامی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان بۆ سه‌ر عێراق، ده‌رخه‌ری گرینگیی ژێئۆپۆلیتیكیی ئه‌و ناچه‌یه‌ن. ئه‌گه‌ر له دیارده و هۆكاره شه‌ڕهه‌ڵائێسێنه‌كانی مێژووی ڕابردوو چاو بپۆشین، چه‌ند دیارده‌ی سه‌ره‌كی له چه‌ند قۆناخی جیاوازدا، یه‌كیان: لێدان و كێشانی ڕه‌هه‌ندی ئاوی (كاناڵی سوئێز_ میسر)ی نێوان ده‌ریای مه‌دیته‌ڕانه(نێوه‌ڕاست|سپی) و به‌حری سوور به مه‌به‌ستی گه‌میه‌وانیی له‌لایه‌ن فه‌ڕانسه‌ییه‌كانه‌وه له ساڵی 1860 و، دووهه‌میان: دۆزینه‌وه و هه‌ڵێنجانی نه‌وت له ساڵی 1901 به‌وه‌لاوه، سێهه‌میان دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل له 1948ه‌وه، چواره‌میان: له‌ناوچوون و داوه‌شانی یه‌كێتی سۆڤیت و كۆتاییهاتنی نیزامی دووجه‌مسه‌ریی(1992)، سیمای جۆغرافیایی و ژێئۆپۆلیتیكیی ئه‌و ناوچه‌یه‌یان به ته‌واوی ژێروژووركرد. دیاره له‌و پێوه‌ندییه‌دا، نابه‌جێ نابێ ئه‌گه‌ر دیارده‌ی هه‌ڵمه‌تی نیزامی ئه‌مریكا بۆ سه‌ر عێراق و گه‌ڵاڵه‌ی «ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستی گه‌وره»شی لێ زیادبكرێ كه وه‌ك پێنجه‌مین دیارده‌ی زۆر گرینگ، ده‌توانێ له مێژووی هاوچه‌رخدا، هه‌ڵگر و په‌ره‌پێده‌ر و ده‌رخه‌ری گه‌لێك ئامانج و گۆڕانكاری و ئاكامی جۆراوجۆر له ناوچه‌دا بێ. 3) دیارده‌ی دینی: جگه له پاشماوه‌ی مه‌سله‌ك و مه‌زهه‌به زۆردێرینه‌كان، ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست، سه‌رچاوه و كانگای سێ دینی گه‌وره‌ی جیهانی وه‌ك: مه‌سیح و یه‌هوود و ئیسلام بووه كه هه‌ركام به شێوه‌یه‌كی پێچه‌ڵپێچ ده‌گه‌ڵ ماكه‌ی ئیتنیكی _ نه‌ته‌وه‌یی و فه‌رهه‌نگی _ سیاسی لێك گرێدراون و، ده‌توانن تا ماوه‌یه‌كی درێژخایه‌ن، مێشكی میلیۆنان كه‌س بۆ مه‌به‌ستی جۆراوجۆری سیاسی و شه‌ڕو فیتنه‌ی مه‌زهه‌بی و كار و كرده‌وه‌ی تیرۆریستی به سۆخره‌بگرن. بێژگه له دینی عیسایی كه به گشتی ڕه‌وتی په‌ره‌گرتن و بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌ره‌و دونیای ڕۆژئاوا (ئوڕووپا و ئه‌مریكا و..) گوێزرایه‌وه، دوو دینه‌كانی دیكه واته موسایی و ئیسلام وه‌ك دوو دینی سه‌ر به دوو نه‌ته‌وه‌ی جیاواز و دژ به‌یه‌ك هه‌روا له ناوچه‌دا ماونه‌ته‌وه. ئه‌گه‌ر له باری ژماره‌ی پێڕه‌وانی دینی و پێوانه‌ی دێمۆگرافییه‌وه سیمای جۆغرافیایی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست ده‌ستنیشان بكه‌ین، یه‌كێك له دیارده و تایبه‌تمه‌ندییه به‌رچاوه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه هه‌بوونی كۆمه‌ڵێك وڵاتی عه‌ڕه‌بی _ ئیسلامی یه، كه ئه‌گه‌ر له هێندێك نه‌ته‌وه‌ی جۆراوجۆر، وێڕای هه‌بوونی ماكه‌ی ئیتنیكی _ زمانیی جیاواز چاوبپۆشین، له چه‌ند دیارده‌ی هاوبه‌شی ئیتنیكی، مه‌زهه‌بی، فه‌رهه‌نگی و ئابووریدا هاوبه‌شن. له‌و كۆمه‌ڵه وڵات(ده‌وڵه‌ت)انه‌دا، به خاتری كێشه‌ی مێژوویی له نێوان فه‌له‌ستین و جووله‌كه، دیارده‌ی ئیسلام و كولتووری ئیسلامی به شێوه‌ی سه‌ره‌كی، به مه‌به‌ستی خه‌بات و به‌ره‌به‌ره‌كانی له به‌رانبه‌ر نه‌یارانی سیاسی (ئیسرائیل و جیهانی ڕۆژئاوا) زۆرزه‌ق ده‌كرێته‌وه. شیاوی سه‌رنجه كه ئه‌و كۆمه‌ڵه وڵاتانه‌ی تا دۆینێ بۆ ئه‌مریكا و جیهانی ڕۆژئاوا، وه‌ك كۆسپ و له‌مپه‌رێكی ئیده‌ئۆلۆژیی زۆر به‌هێز له ئاست سۆڤیه‌تیزم (بلۆكی ڕۆژهه‌ڵات) و به‌تایبه‌ت له ده‌ورانی شه‌ڕی سارد(1945_1992)دا، به حیساب ده‌هاتن و پشتیوانیان لێ ده‌كرا، له دوای داوه‌شانی بلۆكی ڕۆژهه‌ڵات و به‌تایبه‌ت له دوای ڕووداوی 11ی سێپتامری 2001 دا، زۆربه‌یان له دژی ئه‌مریكا و جیهانی ڕۆژئاوا هه‌ڵگه‌ڕاونه‌ته‌وه. هه‌ڵبه‌ت له‌و پێوه‌ندییه‌دا، جگه له جێگۆڕكێی قۆناخی هاوپه‌یمانێتی و كرده‌وه و ئاكاری پراگماتیستی، ناكرێ هه‌ڵه و هه‌ڵپه‌هه‌ڵپی سیاسی به‌ڕێوه‌به‌رانی كۆشكی سپیی ئه‌مریكا(به بیانووی ڕووداوی 11ی سێپتا‌مبر و به‌ره‌نگاربوونه‌ی تیرۆریزم و فۆندامانتالیزمی ئیسلامی) له ئاست جیهانی ئیسلام و وڵاتانی عه‌ڕه‌بی فه‌ڕامۆش بكرێ كه قۆناخی پرۆسه‌ی جیهانیبوون و ڕه‌وتی جیهانخوازیی خۆیان له‌بری پرۆژه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه و مرۆڤخوازانه، به‌ره‌و بواری شه‌ڕێكی نوێی نێوان مه‌سیح و ئیسلام _ كه ده‌كرێ به شه‌ڕی سێهه‌می جیهانی نێودێربكرێ _ گواسته‌وه. لانیكه‌م ده‌بوایه بۆ نموونه: له نێوان سیاسه‌تمه‌دارانی قۆڕده‌ماخ و فۆندامانتالیستی سه‌ره‌ڕۆی ئیسلامی، یان به‌ڕێوه‌به‌ر و ئه‌نجامده‌رانی كاروكرده‌وه‌ی تیرۆریستی له‌لایه‌ك و، هه‌زاران موسوڵمانی بێلایه‌ن و خاوه‌ن كولتووری ئیسلامی له لایه‌كی تر فه‌رق و جیاوازی دابندرێ. دیاره ده‌بێ ئیشاڕه به‌وه‌ش بكرێ كه ده‌وڵه‌تی جۆرج ده‌بلیوبووش له ژێر ئه‌ئسیری ڕووداوگه‌لی دوای داگیركردنی عێراق وه‌ك: كه‌ركووك، فه‌لووجه، نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لا و.. هه‌روه‌ها سیاسه‌تی یه‌كێتی ئوڕووپا و ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، تاڕاده‌یه‌ك له‌و توندوتیژییه‌ی كه له سه‌ره‌تاوه پێڕه‌وی ده‌كرد، پاشگه‌زبووه‌ته‌وه. 4) دیارده‌ی ئابووری (نه‌وت): یه‌كێك له دیارده و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی هه‌ره گرینگ و سه‌رنجده‌ر و چاوتێبڕاو، نه‌وتی زۆروزه‌وه‌ندی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاسته، كه له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م(1901)ه‌وه خوڵقێنه‌ر و به‌دیهێنه‌ری گه‌لێك كێشه و ڕه‌قه‌به‌ریی سیاسی و ئابووری له نێوان ده‌وڵه‌ت و وڵاتانی جیهان بووه. وڵاته خاوه‌ننه‌وت و به‌رهه‌مهێنه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست بریتین له: ئێران(ساڵی هه‌ڵێنجان و پاڵاوتن 1908)، عێراق(1923)، به‌حره‌ین(1932)، عه‌ڕه‌بستانی سعوودی(1937)، كوێت(1938)، قه‌ته‌ر(01940)، لیبی (1958)، ئه‌لجه‌زایر(1958)، ئه‌بوزه‌بی(1958)، عوممان(1963) و دوبه‌ی (1965) و.. كه نیزیكه‌ی 80 % له سه‌رجه‌می كانگا و چاڵاوه نه‌وتییه‌كانی جیهان له ژێر ڕه‌ڵمی گه‌رم و خاكی سووتاوی ئه‌و ناوچه‌یه‌دا هه‌ڵكه‌وتووه. ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه زیاتر له 60% ی پێداویستییه نه‌وتییه‌كانی جیهان(بۆنموونه، ژاپۆن|یابان:75%، ئوڕووپای ڕۆژئاوا:80% و ئه‌مریكا:45%) دابین ده‌كا، له باری ئابووری و گه‌شه‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، به یه‌كێك له دواكه‌وتووترین ناوچه‌كانی جیهان ده‌ژمێردرێ. ئه‌وه له حاڵێكدایه كه ڕه‌وتی په‌ره‌گرتن و گه‌شه‌سه‌ندنی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری سه‌نعه‌تی و پێشڕه‌فتی كۆمه‌ڵایه‌تی ڕۆژئاوا (ئوڕووپا و ئه‌مریكا) و ته‌نانه‌ت ژاپۆن، له دوای شه‌ڕی دووهه‌می جیهانییه‌وه پێوه‌ندییه‌كی ڕاسته‌وخۆی به هه‌ڵێنجان و بردن و به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی خاوی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاسته‌وه هه‌بووه. بۆیه‌شه، له ماوه‌ی 30 ساڵی ڕوبردوودا، به‌رزبوونه‌وه و دابه‌زینی نرخی كڕینی و فرۆشتنی نه‌وت، هه‌میشه یه‌كێك له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی گه‌شه‌سه‌ندنی سه‌نعه‌تی و ئابووری و پێچه‌وانه‌كه‌ی بووه. هه‌ر له ساڵی ڕابردوو_ دوای داگیركردنی عێراق له لایه‌ن ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانانه‌وه_ ، نرخی نه‌وتی خاو له بازاڕی جیهانیدا نیزیكه‌ی 25% زیادی كردووه و، ته‌نانه‌ت كۆنترۆڵ له ده‌ست ڕێكخراوی ئۆپێك(OPEC) _ وڵاتانی به‌رهه‌مهێنه‌ری نه‌وتی خاو_ یش چووه‌ته‌ده‌ر. دیاره شتێكی ئاشكرایه كه له ڕه‌وتی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وتدا، قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتانی په‌ره‌گرتووی سه‌نعه‌تی(ڕۆژئاوا) به هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێ ده‌پارێزرێ و، ته‌نیا وڵاتانی له حاڵی په‌ره‌گرتنی سه‌نعه‌تیدا بۆ نموونه: ئاسیا و ئه‌فریقا كه پێویستیان به كڕین و هێنانی نه‌وت هه‌یه، سه‌ریان بێ كڵاو ده‌مێنێته‌وه و تووشی زه‌ره‌ر و زیانی ئابووری ده‌بن. له پاڵه‌وه ئه‌وه‌ش بگوترێ كه هه‌تآ كه‌ره‌سه و وزه‌یه‌كی دیكه له‌بری نه‌وت نه‌دۆزرێته‌وه، زۆربه‌ی گێره و كێشه و ناكۆكییه سیاسییه‌كان و هه‌وروه‌ها ڕقه‌به‌ریی ئابووری له نێوان وڵات و ده‌وڵه‌ته پێوه‌ندیداره‌كانه‌وه، هه‌روا درێژه‌ی ده‌بێ. 5) دیارده‌ی ئێتنیكی _ نه‌ته‌وه‌یی: هه‌روه‌ك له سه‌ره‌وه ئیشاڕه‌ی پێكرا، دیارده‌ی دین و مه‌زهه‌ب و به‌تایبه‌ت له‌م نێوه‌دا دینی ئیسلام، توانی هه‌موو ماكه ئێتنیكی_ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و ته‌نانه‌ت ماكه زمانی _ كولتوورییه‌كانیش بۆ ماوه‌یه‌كی دوورودرێژ، له ژێر باڵی نفوزی خۆیدا حه‌شار بدا و، به‌مجۆره تا شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانی، هه‌ر چه‌شنه چالاكییه‌ك كه ده‌كرا و ئه‌نجام ده‌درا به نێوی ئیسلام و ئۆمه‌تی ئیسلامی كه ئیمپراتۆریی عوسمانی نوێنه‌رایه‌تی ده‌كرد به‌ڕێوه‌ده‌چوو. ئه‌وه له ئاخرییه‌كانی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مه‌وه‌یه كه ورده‌ورده بزووتنه‌وه ناسیۆنالیستییه‌كان له دژی ئیمپراتۆریی عوسمانی سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن و، چاره‌نووسیان به ڕووداوه یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاسته‌وه ده‌به‌سترێته‌وه. یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه هه‌ره به‌رچاوه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست كه ده‌كرێ له بواری سیاسییه‌وه زه‌قبكرێته‌وه ئه‌وه‌یه كه له مه‌ودای شه‌ڕی یه‌كه‌م و دووهه‌می جیهانی به‌ولاوه، دامه‌زرانی زۆربه‌ی قه‌واره ده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌گه‌ل ماكه‌ی ئێتنیكی و جۆغڕافیایی و ته‌نانه‌ت زمانی و كولتووریش یه‌ك ناگرنه‌وه و، ده‌كرێ بڵێین به شێوه‌یه‌كی ده‌ستكرد له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌زلهێزه‌كانه‌وه قوتكرانه‌وه. وڵاتی ئێران كه تاڕاده‌یه‌ك یه‌كێك له‌و قه‌واره سیاسییه كۆنانه‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه بۆ فریودانی ئێتنیك و نه‌ته‌وه جیاوازه‌كان، به درێژایی مێژووی هاوچه‌رخ، زۆرترین و باشترین به‌هره‌ی له ماكه‌ی ئێرانی _ ئیسلامی و له‌م دواییانه‌دا له ماكه‌ی ئیسلامی _ ئۆمه‌تی وه‌رگرتووه، نه‌یتوانیوه یه‌كه‌یه‌كی یه‌كگرتووی نه‌ته‌وه‌یی _ سیاسی پێكبێنێ. ئه‌گه‌ر دیارده‌ی سیاسی فه‌له‌ستین كه به بیانووی گێچه‌ڵ و گۆنگه‌ڵنانه‌وه‌ی دواڕۆژ، له‌لایه‌ن هێزه سه‌ركه‌وتوو(هاوپه‌یمان)ه‌كانی شه‌ڕی دووهه‌می جیهانییه‌وه له قه‌واره‌ی وڵاتانی عه‌ڕه‌بی دابڕا و خرایه سه‌ر ده‌وڵه‌تی ئیسڕائیل، ئاواراته بكه‌ین، ته‌نیا نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه به بێ ده‌وڵه‌ت و قه‌واره‌ی سیاسی ماوه‌ته‌وه، نه‌ته‌وه‌ی 40 میلیۆنیی كورده. ئه‌وه ڵه حاڵێكدایه كه ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه زۆر زووتر له نه‌ته‌وه‌كانی دیكه، پرۆسه‌ی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازیی و ناسیۆنالیستی خۆی ده‌ست پێكردووه. شۆڕشی شێخ عوبه‌یدیللای نه‌هرێ(1880) له دژی ده‌وڵه‌تی ئێران و عوسمانی نموویه‌كی به‌رچاوی ئه‌و پرۆسه‌یه. 6) دیارده‌ی دێمۆكراسی: یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی دیكه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست، به‌تێكڕایی نه‌بوونی دێمۆكراسی و له‌به‌رچاونه‌گرتنی مافی هاووڵاتی و مافی مرۆیه، كه له‌لایه‌ن سه‌رجه‌می ده‌وڵه‌ته‌كان به ئیسلامی و سكۆلار و لیبڕاڵه‌وه پێشێل ده‌كرێن. ئه‌گه‌ر دوو وڵاتی توركیا و ئیسرائیل _ یه‌كه‌میان به هۆی له‌به‌رچاوگرتنی نیوچه دێمۆكراسییه‌كی ڕواڵه‌تی به خاتری وه‌رگیران له یه‌كێتی ئوڕووپا و دووهه‌میان به خاتری هه‌لومه‌رجی تایبه‌ت به‌خۆی، بخه‌ینه لاوه، زۆربه‌ی قه‌واره سیاسییه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه ده‌گه‌ڵ دیارده‌ی دێمۆكراسی و كۆمه‌ڵگه‌ی شارستانی و سكۆلاریزم و جیاوازی‌دانان له نێوان دین و ده‌وڵه‌تدا بێگانه‌ن. دیاره، دیسانیش ده‌بێ ئه‌وه جه‌خت بكه‌ینه‌وه كه هیچوه‌خت نابێ حیسابی خه‌ڵك و موسوڵمانانی ئاسایی ده‌گه‌ڵ دووڕوویی ڕێژیمه سیاسییه لاپره‌سه‌نه‌كان تێكه‌ڵاو بكرێ. له كۆتاییدا، به له‌به‌رچاوگرتنی سه‌رجه‌می ئه‌و دیارده و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی كه بۆ نێودێركردنی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست باس كران، جێی خۆیه‌تی ئه‌و پرسیاره ئاراسته بكرێ كه ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستی گه‌وره چییه و كوێ یه؟! هه‌روه‌ك له ناوه‌رۆكی باسه‌كه‌دا جێ جێ ئیشآڕه‌ی پێكرا، ئه‌گه‌ر دیارده‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت، نه‌توانێ له هه‌موو وڵاتانی ناوچه (بۆنموونه: پاكستان و توركیا و میسر..)دا ببێته‌خاڵێكی هاوبه‌ش، ئه‌وا بێشك دیارده‌ی ئیسلام و ئیده‌ئۆلۆژی ئیسلامی ده‌توانێ ڕووبه‌ر و پانتایی ئه‌و ناوچه‌یه فراوانتر بكاته‌وه كه وڵاتانی پاكستان، ئه‌فغانستان، ئێران، كۆماره ئاسیاییه‌كانی دابڕاو له سۆڤیه‌تی پێشوو(تاجیكستان، قه‌رقیزستان، قه‌زاقستان، توركمه‌نستان و ئازه‌ربایجان)، توركیا و ته‌واوی وڵاتانی عه‌ڕه‌بیی ئاسیایی و ئه‌فریقایی(میسر، لیبی، سودان، ئه‌لجه‌زایر، تونس و مه‌ڕاكێش|مه‌غریب) ده‌گرێته خۆ. ئه‌وه‌ش ده‌بێ بزانین كه زۆر جار له بری ده‌كارهێنانی وشه‌ی «گه‌وره» بۆ ئه‌و زاراوه‌یه، پاشكۆی «باكووری ئه‌فریقا»ی ده‌خرێته سه‌ر و ده‌گوترێ: «ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست و باكووری ئه‌فریقا» كه دیارده‌ی نه‌وت و ئیسلام له هه‌ردووك ده‌سته‌واژه‌دا به زه‌قی ده‌بیندرێن. به‌ر له‌وه‌ی ناوه‌رۆكی گه‌ڵاڵه‌ی «ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستی گه‌وره و باكووری ئه‌فریقا» كه له‌لایه‌ن ئه‌مریكاییه‌كانه‌وه پێكهاتبوو، وه له كۆبوونه‌وه‌ی (8 تا 10ی مانگی ژوئێن له سی ئایله‌ندی فلۆریدا) وڵاتانی گروپی جی8 ( ئه‌مریكا، كانادا، ئینگلیس، فه‌ڕانسه، ئالمان، ئیتالیا، ژاپۆن و ڕوسیا) بڕیاری له‌سه‌ر درا، ڕوونبێته‌وه، وا ده‌هاته به‌رچاو كه ئه‌مریكا له داهاتوویه‌كی نیزیكدا به یه‌كه‌مین هه‌ڵمه‌تی نیزامی خۆی بۆ سه‌ر عێراق، ده‌یه‌وێ سه‌رجه‌می نه‌خشه‌ی جۆغرافیایی و سیاسی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست بگۆڕێ. هه‌ڵبه‌ت بیر‌و بۆچوونێكی وا چ له ناوه‌ندی بازنه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و، چ له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا لانیكه‌م سه‌باره‌ت به عێراق له ئارادابوو، به‌ڵام هه‌روه‌ك پێشتر باسكرا، ئه‌و بیروبۆچوونانه له ژێر كارتێكه‌ریی ڕووداو و هۆكاره ناوچه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان، نه‌ته‌نیا نه‌بوونه دوكتوره‌ین و ڕێبازی سیاسی، به‌ڵكه له نێوان خودی داموده‌زگای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیشدا ناكۆكی و ناته‌بایی هاته‌ئاراوه كه وه‌لانان یان وازهێنانی سه‌رۆكی ڕێكخراوی سیا، ده‌توانێ نموونه‌یه‌كی به‌رچاو بێ. به كورتی، ئه‌گه‌ر گه‌وره‌ترین كێشه‌ی سیاسی نیوه‌ی دووهه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌م(له 1948ه‌وه تا ئێستا)ی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست، كێشه‌ی نێوآن عه‌ڕه‌ب (فه‌له‌ستین) و یه‌هوود(ئیسرائیل) بووه، ئه‌وا بێشك سه‌ره‌كیترین و گرینگ‌ترین كێشه و مه‌سه‌له‌ی سیاسی نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك، شه‌ڕ و ناكۆكی نێوان كورد و نه‌یاره نه‌ته‌وه‌یی و خاوه‌نده‌سه‌ڵاته سیاسییه‌كانی ئێرانی و توركی و عه‌ڕه‌بی ده‌بێ. دیاره شیاوی ئیشاڕه‌یه كه به گوێره‌ی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی كه له ڕاده‌ی جیهانی و به تایبه‌ت له بواری پرۆسه‌ی جیهانیبووندا ڕووده‌ده‌ن، خۆگێلكردن و خۆبواردن له كێشه و مه‌سه‌له‌ی كورد، له پله‌ی یه‌كه‌مدا، گه‌وره‌ترین زیانی بۆ خودی پرۆژه‌ی سیاسی «ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستی گه‌وره» ده‌بێ. لێره‌دا جێی خۆیه‌تی ئاماژه به‌وه‌ش بكرێ كه گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌ی سیاسی ڕێبه‌رانی كورد (له كوردستانی باشوور) نه‌قۆستنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌له زێڕینه بوو كه له دوای ڕووخانی ڕێژیمی به‌عسی عێراق(9ی ئاوریلی 2003)، واته پێش ده‌رچوونی بڕیارنامه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان هه‌ڵكه‌وتبوو. ئه‌من، به ته‌واوی له سه‌ر ئه‌وباوه‌ڕه سووربووم، ئه‌گه‌ر له‌وكاته‌دا كه هیچ هێز و لایه‌نێكی عه‌ڕه‌بیی عێراقی(به شیعه و سووننییه‌وه..) و وڵاتانی ناوچه، ددانی خێریان به ئه‌مریكا و هاوپه‌یماناندا نه‌ده‌هێنا و شوعاری (داگیركه‌ر بۆ ده‌ره‌وه‌یان) ده‌دا، له لایه‌ن كوردانه‌وه داوای سه‌ربه‌خۆیی كرابا، چ ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان و چ ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌گرتووه‌كان، هه‌ڵوێستیان ئه‌وه‌نه‌ده‌بوو كه ئێستا هه‌یانه. دیاره، به گوێره‌ی گه‌لێك ڕووداو و فاكتۆر، چاوه‌ڕوانی ئه‌وه ده‌كرا كه جارێكی دیكه چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی كورد له كوردستانی عێراق، له ناو دۆكه‌ڵی نه‌وت و فرتوفێڵی دیپڵۆماسی‌دا له‌بیربچێته‌وه!
2ی ژوئییه‌ی 2004
چاپی ده‌ق