مه‌رگ ژینێکى
په‌نهانه
ژیان مه‌رگێکى
ئاشکرا
به‌من بێت
له سه‌ریه‌كێ
له‌م پلیکانه
ته‌ڕانه‌ى
که بخوردى
دڵم ئه‌به‌ن
بۆسه‌ر مه‌زارى
مه‌ولانا
گیانم
ده‌رچێت.
وه‌کو تاقێ
له ته‌نیایى
هه‌ڵکێشرابێت
گوڵزاده‌یه‌ک،
که جوانترین
قژى ماش و برنجیى
له‌ژێر له‌چکێکى
شلوملدا خه‌واندبوو
گڵکۆتى ماچکرد
و پێى وتیت سوپاس
ئه‌زانم لێم
زویرنیت.
له‌وکاته‌وه
ئه‌ى گۆڕغه‌ریب
به‌ده‌ست خۆت
نییه که ئه‌شک
به‌گۆناى کتێب
و داوى
فه‌رش و به‌رماڵ
و جاجمتا
رێده‌کات
و
وه‌ک کاروانى
خه‌م بارکردوو
له‌م په‌ڕى
شامه‌وه هه‌تا
ئه‌وپه‌ڕى،
چاوت قه‌تاره‌ى
گریانى به‌ستووه.
وه‌کو باخێ
بێ‌دار و چاو
لهڕِێ بێت
گوڵه‌باخزاده‌یه‌ک
که میهره‌بانترین
دڵى
له‌ژێر قاتێکى
ساده‌دا هه‌ڵگرتبوو
قۆپچه‌یه‌کى
سه‌ر رۆحى کرده‌وه
و
به بۆنێ له‌خۆش
تێپه‌ڕێت
پێى وتم باوه‌ڕبهێنه
مه‌ولانا،
ئه‌مه‌تا.
دواتر زانیم
ئه‌و گومانزاده
و
شیعر
زاده‌شه
بۆیه له‌نێوان
دوو بۆینباخدا
سه‌رگه‌ردانه
و
له‌من ئه‌پرسێت
کامه‌یان جوانتره!
چه‌ند حه‌زم
به گۆڕان ئه‌کرد
هه‌ر ده‌مووت
سبه‌ینێ ئه‌گۆڕێم
ئه‌ى خودا له
ناکاوێکدا
چه‌نده گۆڕام
له به‌رده‌م
هه‌ڵبژاردنێکى
تر و
مردنێکى تر
و
ژیانێکى تردا
ئیتر من که‌ژاڵێکى
جودام.
زۆر جودا
له‌وانه‌ى
ناویان به
ناوى من ناچێَ و
ئه‌وانه‌ى
ناویان وه‌ک
منه
جودا له خۆمى
چرکه‌یه‌ک
به‌ر له‌م شیعره
جودا له‌جوداییه‌کانى
پێشتر و
پێچه‌وانه‌ى
ته‌بایى و گونجانم
به گۆڕى
مه‌ولانا
به سه‌رینى
په‌ڕى خه‌ونى
ژێرسه‌رى و
به خۆڵێک له‌سه‌ر
ئاوێنه‌ى
نیشتمان و یاده‌وه‌ریى
له‌م هه‌ڵوه‌سته
ئه‌ڤینه‌وه
هه‌ستئه‌که‌م
که‌سێکى ترم
به‌جۆرێکى
تر ئه‌گوزه‌رێت
ژیانى ناو که‌شتى
عومرى ئه‌م
قه‌ڵه‌مه‌و
قیبله‌نوماى
قه‌ده‌رم.
ئه‌گه‌ر وانییه
له‌پاى چى
له جیاوازترین
نامه‌یدا
پێتان ئه‌ڵێت
لێم ببوورن
ئیتر هیچ وه‌رزێکتان
نه‌ما
بۆ سه‌یرانى
واته وات و
گه‌شتى قسه
له‌سه‌رکردنم
به‌ڵام هێشتا
هه‌زاران هه‌نجه‌تتان
لایه
تا له‌سه‌ر
ئه‌م جیاوازبوونه‌ش
بمکوژن!
ژیان مه‌رگێکى
په‌نهانه
مه‌رگ ژینێکى
ئاشکرا
به‌من بێت
له‌سه‌ر یه‌كێ
له‌م پلیکانه
سه‌وزانه‌ى
کوردستانى
دڵم ئه‌به‌ن
بۆسه‌ر مه‌زارى
مه‌ولانا
دوو ئه‌وه‌نده‌ى
نوح بژیم!
چه‌ند جوانه
له‌م رێگه‌یه‌دا
که‌ناوێرم
بیدرکێنم
خۆشم
ئه‌وێیت...
بۆ یه‌که‌مجار
هه‌ستئه‌که‌م
جیاوازم
ئه‌م ڕامانه
له ڕاوه‌ستانى
نێوانى
ژیان و مه‌رگ ئه‌چێت.
شام، 2002
• • •