ئه‌مشه‌و..
شیعرێک ئه‌منووسێته‌وه
غه‌مێک ئه‌مخواته‌وه
و
ئاهێک غه‌رقی
ئه‌سه‌فم ئه‌کات
ئه‌سه‌ف..
بۆ عاتیفه‌یه‌کی
نێژراو
بۆ هه‌ناسه‌یه‌کی
پاک و
ئه‌سه‌ف بۆ
کۆچی "نالی"
ئه‌مێستا..
باڵنده‌کان
بوخچه‌یان
پێچاوه‌ته‌وه
و
له‌گه‌ڵ قه‌هری
ڕووبارێکا
کۆچ ئه‌که‌ن
بۆ عه‌ده‌م
نه‌وره‌سه‌کان..
فه‌رشی که‌ناریان
لوول داوه و
جام و شانه‌ی
ده‌ریایان
ناوه‌ته سه‌ر
داهاتنی سپێده‌یه‌ک
دوو کوکوختی
مه‌ست
به‌عه‌شقێکی
سه‌رمه‌دی
تریفه‌ی مانگیان
سپاردووه
به سۆمای چاوی
ژوانێک
ئه‌بێ له‌م
مه‌زرایه
چی تازه بێت
؟
ئای.. چه‌ندم
ون کرد و
هیچم نه‌دۆزییه‌وه!
ئه‌مشه‌و..
هه‌ناسه‌م
بۆنی گڕوی بووکه‌شووشه‌یه‌ک
ئه‌دات
هه‌ناوم..
مه‌ودایه‌که
بۆ غارغارێنی
ئه‌سپ سوارێکی
دڕنده و
ده‌سته‌کانیشم..
فه‌زایه‌کی
به‌تاڵن له‌گه‌رمی
قیبله‌م ..
بۆته دوورگه‌ی
ئه‌و ده‌ریا
شێته و
بۆ ئه‌به‌د..
نیگاکانم
جێی ماته‌می
قه‌سیده‌یه‌كه
بیرم نه‌بوو
ده‌ماوده‌م
بینووسمه‌وه!
ئه‌مشه‌و..
شیعرێک ئه‌مخوێنێته‌وه
ده‌فێک حه‌وام
ئه‌دا و
شه‌مشه‌مه
کوێره‌یه‌ک
خۆی به‌ئه‌شکه‌وتێکی
ڕۆحما هه‌ڵواسیوه
ئۆف له‌ده‌ست
ئه‌مشه‌و
ئاهی ئه‌مشه‌و!
ئه‌سه‌ف..
بۆ سێبه‌ری
ئه‌و دره‌خته‌ی
له‌ژێر چاوه‌ڕوانیدا
سووتا و...
بۆ شکۆفه‌ی
گوڵيک
به‌هار هه‌ڵی
نه‌گرت
ئه‌سه‌ف..
بۆ ئه‌و کورته
چیرۆکه‌ی
ساڵانێک له‌مه‌وبه‌ر
له‌ده‌فته‌رێکی
هه‌تیوما گیانی
سپارد
چیدی نامه‌وێت
هه‌ناسه‌م
بۆنی پیاوێکی
مردوو بدات
جه‌سته‌م..
سیمای ژنێکی
نا‌ئومێد بنوێنێ
لێوه‌کانم..
وه‌ک ده‌نووکی
کۆترێکی گه‌رمه‌سێر
ئه‌نفال هه‌ڵی
بقرتێنێ
نامه‌وێت ئه‌سه‌ف
بمخواته‌وه
ئه‌سه‌ف بمکوژێت
و
پیاوێک بمشارێته‌وه..!
ئه‌مێستا..
ئه‌مه‌تام..
منم لێره
خه‌و به‌ڕێئه‌که‌م
ئاهێک له‌گه‌ڵ
نه‌فه‌سی جگه‌ره‌یه‌کدا
ئه‌مسووتێنێ
و
حه‌زێک.. جانتای
سه‌فه‌ر
بۆ که‌ناره‌کانی
ئه‌ودیو هه‌ڵچوونم
کۆئه‌کاته‌وه
سه‌فه‌رێکیش..
پێم ئه‌ڵێت
:
ئه‌وه‌تای..
ئه‌مه تۆی..
وا لێره
شیعرێک . هه‌ڵت
ئه‌گرێ بۆ مێژوو
کتێبێک.. ئه‌تنێته
سه‌ر ڕه‌فه‌ی
له‌یادچوونه‌وه
پیاوێک.. پڕت
ئه‌کا له‌یاخی
بوون!؟
هه‌قی خۆته..
چیم پێ ئه‌ڵێی
پێم بڵێ
نکوولی له‌وه
ناکه‌م
شه‌که‌تی دوای
زریانێکی وێرانکه‌رم
و
به‌دوای خه‌ونه‌کانی
دوای خوێندنه‌وه‌ی
فنجانێکدا..
وێڵ بووم، وێڵ!
تۆ له‌بیرته
ئه‌و ڕۆژه‌ی
ژنێک
سه‌یری له‌پی
ده‌ستی چه‌پی
کردم و
پێی ووتم :
هه‌رچیت هه‌یه
له‌ده‌ستی
ئه‌ده‌ی؟
زه‌مه‌نێک
نامۆیی ئه‌تگرێنێ
و
چه‌ندین زستان
«ته‌رزه»* خۆی
نادا له‌په‌نجه‌ره‌ی
چاوه‌ڕوانیت؟
ئه‌مشه‌و..
چ ئاگرێکه ئه‌مکاته
سووتوی دڵڕه‌قی
چ گریانێکه
غه‌رقم ئه‌کا
له په‌شیمانی؟
ده پێی بڵی..
با ئه‌مشه‌و
شیعرێک نه‌مکا
به مه‌زه
و
شیعرێک نه‌مکاته
پێکی شه‌راب
و
له چاوی ژنه
قه‌ره‌جه‌که
فتم نه‌کا
هه‌تا ڕۆژێک..
له ژێر سێبه‌ری
دارێکی چاوه‌ڕێدا
شکۆفه‌ی ئه‌و
گوڵه ئه‌نێمه
ڕۆحمه‌وه و
«ته‌رزه»* هه‌ناسه‌م
پڕ بكا له بۆنی
گه‌ڕانه‌وه
ده‌پێی بڵێ..
شه‌وی سه‌فه‌ر
زۆر به‌مه‌لوولی
ماڵئاوایی
له‌شار کرد
و
له‌گه‌ڵ ئه‌و
زستانه‌دا
زۆر داباری
به‌سه‌ر مناڵیدا
و
به‌ده‌م ڕێوه
پرچی نامۆیی
ده‌سکه‌نه
کرد و
گه‌لێك گله‌یی
دا له به‌رۆکی
زه‌مه‌ن
چیدی به‌سه
ئاهـ و.. ئه‌سه‌ف
ئه‌وه‌ی ڕۆیی..
ڕۆیی و ڕابورد
ده پێی بڵێ..
بڵی ئه‌و ژنێک
بوو
له‌گه‌ڵ ژانی
دایکیا پڕبوو
له‌ئ ازار
به‌ده‌م گه‌وره
بوونه‌وه
پڕ بوو له ترس
و
ئێستاش..
به‌ده‌م چاوه‌ڕوانییه‌وه
پڕپڕ بووه له
شیعر..!
• • •
هۆڵه‌ندا، 10-12/ 10 / 2006