|
!شۆخی
له‌مێژساڵه
ده‌رگای عیشقم
له سه‌ر خۆما
داخستووه
چپه و سرته‌ی
هیچ شۆخێکم
له جێژوانا
نه‌بیستووه،
بۆم پرسیاره
ئه‌ی دڵبه‌ره‌ی
سرک و سڵم
چۆنت توانی
وا به شۆخیی
به په‌نجه‌ره‌ی
چاوی مندا
بێیه ژوور
و بدزی دڵم؟
*
* *
خۆزیا
«خۆزیا
هه‌رگیز نه‌مناسیبای»
نه‌ک له‌به‌ر
وه‌ی گوتوویانه:
«ناسیبامی یاری
خۆم بای»
نانا..
له‌به‌ر
ئه‌و هۆیانه:
نه پێم ده‌کرێ
ڕاگرم
ڕازت
نه بۆم ده‌کرێ
بکێشم نازت!
* * *
دامگیرسێنه
ئه‌تۆ ده‌ریای
من دڵۆپ
وه‌ره خۆت و
په‌ری ئه‌وین
به یه‌ک شه‌پۆل
داوه‌ستانم
بوه‌ستێنه
و
له قووڵایی
روحی خۆتا
بملاوێنه..
تۆ هه‌تاوی
من گڵۆپ
وه‌ره خۆت
و
به‌شقی ژیان
به یه‌ک گزینگ
ته‌شقی تاریکی
بشکێنه و
له سه‌ر هه‌یوانی
جێ‌ژوان
دامگیرسێنه!
• • •
Kaklan.ardelan@hotmail.com
|