|
1
دایکم..
ئای له دایکم
چه‌ند ترسنۆک
بوو!
نه‌كا باوکم
له گریانم به‌ئاگابێت
هێنده‌ی ڕائه‌ژاندم
به عاسته‌م
ئێستاش..
شه‌که‌تی
گرێدانی ده‌سرازه‌م
و
پڕ له‌ترس و
ژانه جه‌سته‌م!
2
باوکم..
باوکم یه‌که‌م
جار کوشتمی
هه‌ر که
پێناسی که‌ژاڵێکی
مردووی
به باڵام بڕی
له گۆڕی ژیان
به زیندوویی
ناشتمی!
3
بۆ ئه‌وه‌ی بۆ
جاری دووه‌م
نه‌مرم
له‌جیاتی
کفنی سپی
تارای
سووریا‌ن
پێدادام
كه‌چی..
له‌م
گۆڕستانه
جه‌سته‌یه‌كی
هه‌ڵوه‌دام!
4
چه‌ن ئه‌سته‌مه
من به‌م بچووكییه
و
نیفاق به‌و گه‌وره‌ییه
ده‌سته‌و یه‌خه
بوه‌ستین!
5
لێم مه‌پرسن
من به‌چی پێئه‌که‌نم
دڵنیام..
ئێوه‌ش هه‌ر
به‌وه پێئه‌که‌نن!
6
هه‌رکه
موچوڕكی
ترسێك
جه‌سته‌م
ڕائه‌چڵه‌کێنێت
قه‌ڵه‌مێک ئه‌گرمه
ده‌ستم
ڕوخساری گوڵه
به‌یبوونێک
ئه‌كێشمه‌وه
و
ڕووبه‌ڕووی
ڕاده‌وه‌ستم!
7
پێم پێمه‌که‌نن
چه‌ند ئه‌ترسم
من له مردن
خوایه گیان
مافی خۆمه..
گه‌ر له مردن
یاخی بم و
ترسم هه‌بێت
له ژیان!
8
حه‌زم له
شێتییه‌که
به‌ڵام..
هێشتا فه‌نی
شێت بوون فێر
نه‌بووم
9
چه‌ن گه‌مژه
بووم ئه‌و شه‌وانه‌ی
کتێبخانه‌که‌م
پڕ بوو له
ڕۆمان
که‌چی..
وه‌کو تووتی
گوڵه‌به‌رۆژه‌م
ئه‌قرتان
10
سه‌یرم مه‌که
من هه‌میشه
له تێڕوانینی
قووڵ ئه‌ترسم
11
ئه‌وه‌ی به‌جوانی
له ده‌ستمدا
ئێستا..
به‌پیری به‌دوایدا
ئه‌گه‌ڕێم!
12
ئاوێنه‌که‌م
ووتی:
سوێندت بۆ ئه‌خۆم
به‌چاوی هه‌ردووکمان
دووچاوی که‌ژاڵت
پێوه لکاون
13
ئاوینه‌که‌م
ووتی:
جاران قژت
لوول و ڕه‌ش
بوو
ئێستا گۆڕاوه
گه‌لێك
جوانتره
هه‌م ڕه‌نگی
سووره و
هه‌م زۆریش
خاوه!!
14
زۆر ده‌مێکه..
تژیم له وشه
به مناڵی له ترسی
گه‌وره‌کان
ئه‌منووسین و
ئه‌مدڕاندن
که گه‌وره‌بووم
له‌ترسی
پیاوێك
ئه‌مکردنه
گه‌ردنی
شیعرێک و
ئه‌مسووتاندن!
که‌چی ئێستا..
وه‌ک ڕسته زه‌نگییانه‌ی
شین
ئه‌یانهۆنمه‌وه
و له گه‌ردنمیان
ده‌ئاڵێنم
وه‌كو ئاشق
له ئامێزما
ئه‌یانخه‌وێنم،
به‌ئاره‌زوو
ماچم ئه‌که‌ن
و
که‌سێک پێم
ناڵێت
وازیان لێ
بێنم؟
15
نازانم بۆچی
هێنده ئاشق
به ده‌ریام
گه‌ر به‌من
با
له‌سه‌ر شانی
شه‌پۆلێکی
ماڵم هه‌با
و
ڕوانیبام!
16
که باران ئه‌بارێت
چه‌تره‌که‌م
هه‌ڵناده‌م
پێم خۆشه به
ئاره‌زوو ته‌ڕم
كا
ئه‌ڵێم نه‌با..
به‌رێکه‌وت
دڵۆپێکی
هه‌ناسه‌ی
تۆی تێکه‌ڵ
بێت!
17
ئه‌زانم خۆشت
ئه‌وێم
چون دڵنیام
هێنده‌ی چاوی
ماسییه‌کان
خۆشم ئه‌وێی
18
زۆر ئه‌ترسم
کاتێک مردن به‌ره‌و
ڕووم بێت
توانای هه‌ڵاتنم
نه‌بێت
19
چیدی باسی به‌رائه‌تی
مناڵی ناکه‌م
هێنده ناو
کتێب و ده‌فته‌ره‌کانم
گه‌ڕابوون
سیخناخه‌یان
کردبووم
له ڕق!
20
که گه‌وره
بووم
زانیم بۆچی
تارای سوور ئه‌ده‌ن
به‌ڕوخساری
بووکا!
21
په‌نجه‌ره‌که‌م
پێم ئه‌ڵێت:
تۆ نه‌بوویتایه
ده‌مێ بوو
ته‌نهایی
کوشتبوومی
22
قه‌ڵه‌مه‌که‌م
پێم ئه‌ڵێت:
چه‌ند به‌ختیارم
ژنێک بۆ ئه‌به‌د
ئاشقم بووه
23
که
نه‌نکم مرد
ئینجا زانیم..
بۆچی به دزییه‌وه
جگه‌ره‌ی ئه‌کێشا
و
به‌دزییه‌وه
ئه‌چووه حه‌مام
و
به‌دزیشه‌وه
ده‌ستنوێژی
ئه‌گرت!؟
24
ئای چه‌ن
گێلین..!!
گه‌ر له
پێشبڕکێیه‌کا
پیته‌کانی
ناوی
خۆمانمان
لێبپرسن
ناتوانین..
بیانڵێین
زۆر.. به‌خێرا
25
تووڕه‌م مه‌که
تاقه‌تی
کۆکردنه‌وه‌ی
پارچه شووشه‌م
نییه‌و
حه‌زیش به‌بۆنی
خه‌سته‌خانه
ناکه‌م!
26
وه‌ی خوایه‌گیان..
له‌م دونیایه
چۆن بۆته جه‌نگه‌ڵستان
هه‌موو
گیاندارێکی
دوو شاخ
دوو قاچیان هه‌یه
27
ئه‌ڵێن نیوه‌ی
سوعبه‌ت
ڕاستی یه
تکایه..
ئه‌و سوعبه‌ته‌م
له‌گه‌ڵ مه‌که
و
پێم مه‌ڵێ:
خۆشم ئه‌وێی!
28
خۆزگه گوڵه به‌یبوون
گوێی ئه‌بوو
به دوو پارچه
شیعری غه‌زه‌ل
دڵیم ئه‌دزی
29
خۆزگه گوڵه
به‌یبوون
چاوی ئه‌بوو
به دوو نیگا
و چاو
داگرتنێک
شێتم ئه‌کرد
30
خۆزگه
گوڵه به‌یبوون
دوو لێوی ئه‌بوو
تژی ئه‌بووم
له ماچ!
• • •
هۆله‌ندا
2006 |