|
ئه‌وه‌یكه
تا ئێستاش ڕه‌وتی
سه‌رهه‌ڵدانی
مێژووی ئه‌ده‌بی
كوردی پڕه
له تاریكی
و بۆشایی شتێكی
ئاشكرایه
و جارێ ئه‌سته‌مه
له‌و پێكدادان
و سه‌ر لێشێواییه‌ی
تووشی هاتووین،
بتوانین به‌ڕه‌ی
خۆمان له ئاوێ
بێنینه‌ده‌ر.
هه‌رچه‌ند
هۆی ئه‌وه‌ش
به‌شی زۆری
سووچی هه‌ڵكه‌وتوویی
وڵاته‌كه‌مان
بووه له نێو
چه‌ند هێزی
خاوه‌نده‌سه‌ڵاتی
دراوسێ و، به‌شێكیشی
هۆی خۆشباوه‌ڕی
و له‌شبڵی و
كه‌مته‌رخه‌میی
خۆمان بووه
كه یان له
مزگه‌وت و دیوه‌خان
و به‌ربه‌ڕۆچكه
بێ خه‌یاڵ پاڵمان
داوه‌ته‌وه
و به گولمێك
ئاو وه‌مه‌له
كه‌وتووین؛
یان به شه‌ڕی
خۆقڕكه‌ری
ناوخۆیی، دوژمنی
لاسار و لاپره‌سه‌نی
خۆمان كه له
ته‌ڕیی فرمێسكی
ئێمه‌ی خواردووه
و له ویشكیی
مێشكی ئێمه
ڕایبواردووه
وه‌سه‌ما خستووه.
خۆشمان ئاوێ
بێنه و ده‌ستان
بشۆ..!
له‌و هه‌لومه‌رجه
ئاڵۆزه‌دا
و له‌م بارودۆخه
ناله‌باره‌دایه
كه زۆر جار
له خۆم ده‌پرسم
و ده‌ڵێم خوایه
ئه‌گه‌ر ئێمه
ئه‌و «خانی»یه
خوداپێداوه‌مان
نه‌بایه خۆمان
به چی ڕانابایه،
نووسه‌ر و ئه‌هلی
قه‌ڵه‌م له
كام ئه‌ده‌بی
نووسراو و به‌رهه‌می
كلاسیك دوابایه؟!
ئه‌گه‌ر ڕووداوی
تراژێدی عیشقیی
ئه‌و دوو دڵداره
ناكامه‌ی خانی
نه‌بوایه،
چۆن ده‌مانتوانی
به خوڵقاندنی
چه‌ند كاره‌ساتی
ده‌سكردی پڕ
له حیماسه‌ی
دوژمن په‌سند!
له جیهانی
ئه‌ده‌بدا
ناومان هاتبایه؟!
ئه‌وه‌ی لێره‌دا
و به گوێره‌ی
توانا له‌و
باسه‌دا ده‌خرێته‌ڕوو،
ئه‌وه‌یه
بزانین خانی
چ جیهانبینییه‌كی
هه‌بووه. له
جۆری خوڵقاندن
و داهێنانی
ئه‌و به‌رهه‌مه‌یدا،
چ بیر و بۆچوونێكی
فه‌لسه‌فی
و عیرفانی ده‌كارهێناوه.
هه‌روه‌ها
له به‌یان
و ده‌ربڕیندا
چ ڕێباز و شێوازێكی
ڕه‌چاوكردووه.
به‌ڵام به‌ر
له‌وه‌ی بچینه
سه‌ر باسی ئه‌سڵی،
پێویسته ئه‌و
پرسیاره ئاراسته
بكرێ كه ئایا
خانی سۆفی بووه؟
ئه‌گه‌ر سۆفی
بووه سه‌ر
به كام ته‌ریقه‌ت
و خانه‌قا بووه؟
ئه‌وه‌یكه
هێندێك له
زانایان و نووسه‌رانی
خۆماڵی و هه‌نده‌ری
لێره‌وله‌وێ
به گشتی خانی
وه‌ك سۆفی ده‌ناسێنن،
وابزانم تووشی
هه‌ڵه هاتوون
و، ئه‌وه‌ش
له زانیاری
و نووسراوه‌ی
ئه‌و نووسه‌ره
هه‌نده‌رییانه
سه‌رچاوه‌ی
گرتووه كه
به هه‌موو
عالم و عارف
و خوداناسه
ئیسلامییه‌كانیان
گوتووه سۆفی
و ڕێبازه‌كه‌یان
نێوناوه (سۆفیزم)
سۆفیگه‌ریی؛
نه‌هاتوون
له جۆراوجۆری
و جیاوازیی
ته‌ریقه‌ته‌كان
وردببنه‌وه.
له حاڵێكدا
به له‌به‌رچاوگرتنی
كاكڵی مه‌عنایی
هێندێك وشه‌گه‌لی
وه‌ك: (حه‌قیقه‌ت
و شه‌ریعه‌ت
و ته‌ریقه‌ت)،
(خانه‌قا، سۆفی)،
(ته‌كیه، ده‌روێش)
كه لانیكه‌م
له كورده‌واریدا
مانای جێكه‌وتوویان
هه‌یه، ناكرێ
هه‌روا له
خۆڕا ده‌كاریان
بێنین.
به‌كارهێنانی
وشه‌ی سۆفی
بۆ خانی، جارێ
له پێشدا چووككردنه‌وه‌ی
پله و پایه‌ی
ئه‌و فه‌یله‌سووف
و عارفه‌خوداناسه‌یه.
ئه‌وه‌یكه
ته‌ریقه‌ته
باوه‌كانی
كوردستان،
چ نه‌خشبه‌ندی
و چ قادری، هێندێك
ڕه‌گه و ماكه‌ی
زۆر به‌رزی
مه‌عنه‌وی
و ئینسانییان
تێدایه، هیچ
شك نییه و ده‌گه‌ڵ
ئه‌و قسه‌یه‌ش
دژایه‌تی نابێ
كه ئه‌گه‌ر
خانی ڕاسته‌وخۆ
لایه‌نگریشیان
نه‌بووبێ،
به‌ربه‌ره‌كانی
نه‌كردوون.
به‌ڵام به‌كارهێنانی
له‌فزی سۆفی
بۆ خانیی بێ
خانه‌قا و پیر،
ئه‌ویش بێ به‌ڵگه
و پشتیوانه،
كارێكی نه‌شیاو
و نه‌سه‌لماوه.
خانی له هیچ
شوێنێكی مه‌م
و زین دا به‌تایبه‌ت
له‌و جێیه‌ی
كه په‌سنی
خودا و پێغه‌مبه‌ر
ده‌كا، شتێكی
ئه‌وتۆی باس
نه‌كردووه.
له حاڵێكدا
ئه‌گه‌ر وابا
وه‌ك زۆربه‌ی
ئه‌و شاعیر
و مه‌سنه‌وی
نووسانه‌ی
كه به شانازییه‌وه
باسی ته‌ریقه‌ت
و پیر و شێخه‌كانی
خۆیانیان كردووه،
ئه‌ویش باسی
ده‌كرد و نه‌یده‌شارده‌وه.
یان هه‌روه‌ك
خۆی ده‌فه‌رموێ:
ئه‌لقیسسه
ژ حیكمه‌تا
ته ئاگاهـ
فه‌رده‌ك مه
نه‌دی ته‌باره‌كه‌ڵڵاهـ
عیرفان ته‌له‌بێ
د ساحیب ئیدراك
ده‌ر حه‌قێ
ته گۆتی: (ماعرفناك)
ته‌نانه‌ت
نه‌ده‌هات
به زمانی تانه
و كینایه (زاهید
و سۆفی و فه‌قیهـ)
به وشه‌گه‌لی
(جاهیل و ئوممی
و سه‌فیهـ) هاوبه‌ر
بكا و بڵێ:
كه‌س نینه
ژ عیشقێ بێ ئه‌سه‌ر
بت
مومكین كو ژ
زه‌وقێ بێ خه‌به‌ر
بت
هه‌ركه‌س به
قیاسێ هیممه‌تا
خوه
دێ سه‌رف بكه‌ت
ئیراده‌تا
خوه
لێ ئه‌كسه‌ری
عامییان نه‌زانن
نه‌فسا خوه
ژ بۆ خوه‌ڕا
نزانن
نابالغ و ئه‌بله‌هـ
و سه‌فیهن
یا زاهید و سۆفیی
و فه‌قیهن
دیاره مه‌به‌ستی
خانی له (سۆفی)
بێجگه له
مانای گشتی
و قامووسییه‌كه‌ی،
بنه‌ماڵه‌ی
سه‌فه‌وی بووه
كه له سه‌ره‌تادا
به مه‌یزه‌ر
و خه‌رقه‌ی
سۆفییایه‌تی
هاتنه مه‌یدانه‌وه
و پاشان پشتیان
تێكرد و خه‌نجه‌ر
و پاشایه‌تییان
هه‌ڵبژارد.
بۆیه ده‌كرێ
بڵێین خانی
له عیرفان
و خوداناسییدا
ڕێبازكی تایبه‌ت
به خۆی هه‌بووه
و، به‌پێچه‌وانه‌ی
ته‌ریقه‌ته‌كانی
سۆفیگه‌ری
كه سۆفی و ده‌روێش
و مورید، به
هۆی ڕێنوێنی
و ئیڕشادی
پیر و قوتب و
شێخه‌كانیان
له حه‌ق و حه‌قیقه‌ت
نیزیك ده‌بنه‌وه،
ئه‌و ته‌نیا
(موسته‌فا) به
ڕێبه‌ری خۆی
ده‌زانێ و له
ڕێی ئه‌وا ده‌یه‌وێ
به حه‌ق و حه‌قیقه‌ت
بگا:
یاره‌ب تو ب
حه‌قی موسته‌فا
كه‌ی
«خانی» ب خوه‌ڕا
تو ئاشنا كه‌ی
خانی وه‌ك زانایه‌كی
پایه‌به‌رزی
زه‌مانی خۆی،
له هه‌موو
زانسته‌كانی
فه‌لسه‌فی
و عیرفانی و
ئیسلامی‌دا
ته‌نانه‌ت
هێندێك بیروبۆچوونی
ئایینی زه‌رده‌شتی
و حیكمه‌تی
یۆنانی (به‌تایبه‌ت
ئه‌و به‌شه‌ی
كه ده‌گه‌ڵ
فه‌لسه‌فه‌ی
ئیشڕاقی سۆره‌وه‌ردی
و هێندێك ڕه‌گه‌ی
وه‌حده‌تولوجود
له عیرفانی
ئیسلامی‌دا
یه‌ك ده‌گرنه‌وه)،
كه‌ڵكی وه‌رگرتووه
و هه‌ركام له‌وانه
به جۆرێك له
مه‌م و زین دا
ڕه‌نگیان داوه‌ته‌وه.
به‌گوێره‌ی
ئه‌و ڕیزه‌ڵه
گوتانه‌ی سه‌ره‌وه،
ده‌كرێ به‌م
ئاكامه بگه‌ین
كه خانی له
ئاوێته‌كردنی
ئه‌وانه‌دا
جیهانبینییه‌كی
تایبه‌ت به
خۆی بنیاتناوه:
سه‌رنامه‌یێ
نامه نا مه:
ئه‌ڵڵاهـ
بێ نامی وی ناته‌مامه
وه‌ڵڵاهـ
ئه‌ی مه‌تله‌عێ
حوسنێ عیشقبازی
مه‌حبووبێ
حه‌قیقیی و
مه‌جازی...
له ناوه‌ندی
جیهانی خانی‌دا،
عیشق (خودا) هه‌موو
شتێكه و ده‌وری
سه‌ره‌كی ده‌بینێ.
عه‌رز و عاسمان
بۆنی ئه‌وی
لێدێ و هه‌موو
بوونه‌وه‌ری
ناسووتی نیشانه‌ی
زاتی ئه‌ون.
هیچ شتێك به‌بێ
فه‌رمانی ئه‌و،
نه‌بووه و
نابێ. ئینسان
وه‌ك سه‌ره‌وه‌ری
هه‌ردوو جیهان
جیلوه‌یه‌كه
له نووری عاله‌می
لاهووت. هه‌ركه‌س
به‌گوێره‌ی
ئیراده و هه‌وڵ
و كۆششی خۆی،
یان به هۆی
سرشتی پاك و
ڕه‌وشتی چاك
ده‌توانێ ئه‌م
جیهان به‌و
جیهانه‌ی كه
تێیدا ده‌ژی
بكڕێ و له به‌حه‌شتی
پڕ له حۆری
و غیلماندا
پاڵداته‌وه!
هه‌روه‌ك ده‌زانین
له ته‌واوی
دیباچه‌كه‌یدا،
به ورده‌كارییه‌كی
وه‌ها شاعیرانه
په‌سنی خودا
ده‌كا كه هیچ
خوداناسێك
نه‌یتوانیوه
به‌مجۆره
وه‌سفی بكا،
به‌ڵام له‌گه‌ڵ
ته‌واوی ئه‌وانه‌شدا
كه دێته سه‌ر
ژیانی واقیع،
بیر و باوه‌ڕی
خوداناسی و
خۆناسی و خه‌ڵكناسی
(كوردایه‌تی)
به جۆرێك ئاوێته‌ده‌كا
كه كه‌م زانای
ده‌هری وه‌ك
وی ده‌توانێ
ناكۆكی و ناته‌باییه‌كانی
كۆمه‌ڵایه‌تی
بخاته‌ڕوو.
له بیر و تێڕوانینی
خانی‌دا، دیارده
كۆمه‌ڵایه‌تی
و ئینسانییه‌كان
شێوه‌یه‌كی
وه‌ها دیالێكتیكی
و زیندوو به
خۆوه ده‌گرن
كه ته‌نانه‌ت
جارجار خاڵی
شك و گومانیش
ده‌كه‌وێته
سه‌ر لایه‌نی
خوداناسییه‌كه‌ی.
هه‌روه‌ك نه‌مر
«هێمن موكریانی»
له پێشه‌كی
«توحفه‌ی موزه‌ففه‌رییه»دا
به دروستی
گوتوویه: «.. له
سه‌رانسه‌ری
به‌یتی مه‌م
و زین دا له
نێوان خودای
خێر و شه‌ڕدا
ملانه‌یه،
ملانه‌یه‌كی
توند و به‌ربه‌ره‌كانییه‌كی
سه‌خت و له
ئاشتی نه‌هاتوو»،
هه‌رواش له
ته‌واوی مه‌م
و زینی خانی‌دا،
ئه‌و ململانییه
و ناكۆكییه
ده‌بیندرێ
به‌تایبه‌ت
كه ماكه هاوبه‌ر
(دژبه‌یه‌ك)ه‌كان
وه‌ك: خێر و شه‌ڕ،
ڕووناكی و تاریكی،
چاكی و خراپی،
جوانی و دزێوی،
باشی و جاشی،
پاكی و پیسی،
ڕه‌وشتی و په‌له‌شتی..
به مانای ئه‌وڕۆیی
باس ده‌كرێن
كه‌وا هیچكام
له‌و دوو ماكه
هاوبه‌رانه،
نه بێ یه‌ك
هه‌ڵده‌كه‌ن
و نه به‌یه‌ك
هه‌ڵده‌كه‌ن
واته به‌یه‌كه‌وه‌بوونیان
هه‌م مایه‌ی
دژێتی یه و
هه‌م مایه‌ی
یه‌كێتی:
ئه‌فلاك و عه‌ناسیر
و مه‌والید
ئه‌خلات و ته‌بایع
و مه‌قالید
ڤێكڕا د به‌دیعول
ئیشتراكن
تێكدا د سه‌ریعول
ئینفیكاكن
سه‌ر ڕشته‌یێ
گه‌وهه‌را
به‌قانه
سه‌رمایه‌یێ
عیلله‌تا فه‌نانه
هنده‌ك د سه‌قیل
و هن خه‌فیفن
هندك د خه‌فێی
و هن له‌تیفن
هه‌م كار و ژ
بۆمه‌ڕا مه‌زیجن
هه‌ر چار ژ بۆمه
ئاخشیجن
ئاگر ڤه‌كوژێ
هه‌وا هه‌وایه
ئا‌ڤ ئه‌ر چكیا
هه‌با هه‌بایه
به گوێره‌ی
ئه‌م جیهانبینییه،
خانی مه‌م ( و
زین) وه‌ك نمودێكی
پاك (گه‌وهه‌ری
به‌قا) بۆ عیشقی
دنیایی (ناسووتی)
كه خۆی جیلوه‌یه‌كه
له عاله‌می
عیشق (لاهووتی)
له‌لایه‌ك
و، به‌كر عه‌وانی
وه‌ك نمودێكی
پیس بۆ فیتنه‌ی
دنیایی (شه‌ڕ|
شه‌یتان) ده‌ستنیشان
ده‌كا كه هه‌ردووكی
ئه‌وانه وه‌ك
دوو جه‌مسه‌ری
ئه‌م ناكۆكی
(دژێتی و یه‌كێتی)یه
هه‌م كێشه‌ری
یه‌كترین و
هه‌م ڕاده‌ری
یه‌كتر؛ واته
تا ماكه‌ی خێر
و پاكی و باشی
نه‌بێ، ماكه‌ی
شه‌ڕ و پیسی
و جاشی مانای
نابێ.
سه‌ره‌ڕای
ئه‌وه، هه‌موو
كه‌سه‌كانی
مه‌م و زین له
ڕوانگه‌ی «خانی»یه‌وه،
وه‌ك نمودێكی
كۆمه‌ڵایه‌تی(كوردایه‌تی)
ش كه هه‌ركام
چاره‌نووسێكی
دیاریكراویان
هه‌یه خۆ ده‌نوێنن
و، دروست ئا
لێره‌دایه
وه‌ختایه‌ك
خانی بۆ ئه‌م
ناته‌بایی
و ناكۆكییانه‌ی
سه‌رده‌می
خۆی كه وه‌ڕووی
خستوون و به‌ڵام
ناتوانێ چاره‌یه‌كیان
بۆ بدۆزێته‌وه،
جیهانێكی ئیده‌ئالیستی
و خه‌یاڵاوی
ــ وێڕای هێندێك
بیروبۆچوونی
عیرفانی تازه
و شاز ــ ده‌خوڵقێنێ
كه له‌م جیهانه‌یدا
گورگ و مه‌ڕ
پێكه‌ه ئاوێ
ده‌خۆنه‌وه.
ڕاسته خانی
وه‌ك زۆربه‌ی
عارفانی خوداناس
باوه‌ڕێكی
ته‌واوی به
چاره‌نووس
هه‌یه و له‌و
ڕوانگه‌یه‌وه
ده‌كرێ بڵێین
لایه‌نگری
قه‌زا و قه‌ده‌ر
(چاره‌نووسخوازی|فاتالیسم)
بووه، به‌ڵام
چاره‌نوسخوازییه‌كه‌ی
به پێچه‌وانه‌ی
عالمانی شه‌ریعه‌تپه‌نای
لایه‌نگری
زوڵم و زۆریی
كه له په‌نای
دین و مه‌زهه‌بدا
وه‌ك گورگ كه‌وتبوونه
گیانی خه‌ڵكی
بێ تاوان، لایه‌نی
ده‌مارگیری
و ویشكه‌ڕۆیی
نه‌بووه و
ته‌واوێك نێوه‌رۆكی
ئینسانی و عیرفانی
هه‌بووه و،
ته‌نانه‌ت
غه‌می شه‌یتانی
بێچاره‌شی
خواردووه
كه به ناحه‌ق
له باره‌گای
خودادا ده‌ركراوه:
ئیبلیسێ فه‌قیرێ
بێ جینایه‌ت
هیندی ته هه‌بوو
د گه‌ل عینایه‌ت
...
یه‌ك سه‌جده
نه‌كر لپشتێ
ئه‌غیار
قه‌هرا ته
كره موخه‌لله‌دوننار
خانی كه له
كاروباری دنیاییدا،
له لایه‌ن
كه‌ره‌می خودایی
ــ سه‌باره‌ت
به ویست و خوازی
كۆمه‌ڵایه‌تی
(كوردایه‌تی)
خۆی ــ به هیچ
كوێ ناگا، پێشنیارێكی
زۆر سه‌یر ئاراسته‌ی
مه‌عبوود ده‌كا
و ده‌ڵێ كه
تۆ مادام ئێمه‌ت
له جیهانی
نوور و پاكی
ڕا بۆ ناو جیهانی
خاكی تووڕ هه‌ڵدا
و ئاوا زه‌لیل
و ماڵ‌وێران
و چاره‌ڕه‌شت
كردووین و هیچ
شتێكیش به
ده‌ست خۆمان
نه‌بووه،
لانیكه‌م له‌و
جیهاندا عه‌تا
و كه‌ڕه‌می
خۆتمان پێ ڕه‌وا
ببینه و مه‌مانسووتێنه:
له‌وڕا كه
خرابیی و قه‌بولی
نینن به فه‌زایل
و فزولی
عابید ب ریایه‌كی
هه‌لاكن
عاسی به دوعایه‌كی
د پاكن
...
خانی به گوێره‌ی
ئه‌و بیره
عیرفانییه‌ی
به‌تایبه‌ت
كه له زمان
پیرێكی میهرداری
عاشق هه‌واڵی
چوونی به‌كر
عه‌وانی بۆ
به‌حه‌شت دێنێته‌وه
و، سه‌ره‌ڕای
ئه‌وه غه‌می
هه‌موو ئه‌و
ئینسانانه‌ش
ده‌ڕه‌وێنێته‌وه
كه بیری سووتانی
دۆزه‌خ تاوێ
لێان نابێته‌وه:
(دوژمن كو ژ عیشقێ
به‌هره‌وه‌ر
بن|به‌س دۆست
نه دێ د موعته‌به‌ر
بن؟!)، ئه‌وه‌شمان
بۆ ده‌خاته
ڕوو كه بیری
چاره‌نووسخوازییه‌كه‌ی
ته‌نیا پێوه‌ندی
به ئینسان
و دانه‌ری جیهان،
یان ئه‌و سزا
و پاداشتانه‌وه
هه‌یه كه
له‌م دنیا خودا
بۆ مه‌خلووقی
خۆی دیاری ده‌كا،
نه‌ك پێوه‌ندی
خودی ئینسانان
له جیهانی
خاكیدا.
خانی پێی وایه
كه جه‌مسه‌ر
و پێكهێنه‌ری
هه‌ردوو هێزه
دژبه‌یه‌كه‌كان
كه ئه‌ویش
له‌لایه‌ن
خوداوه له
ئه‌زه‌ل(قه‌دیم)ه‌وه
دیاری كراوه،
بۆ نه‌زم و
نیزامی
جیهان و بۆ ڕه‌وتی
بوون و له‌ناوچوون
(گه‌وهه‌ری
به‌قا و فه‌نا)دا
پێویستن و ده‌بێ
وابێ. به كورتی
خانی به گوێره‌ی
ئه‌و بیره
عیرفانییه،
جیهانێكی دوور
له زوڵم و زۆریی
و چه‌وسانه‌وه‌ی
گه‌ره‌ك بووه،
كه ئه‌وه‌ی
له ژیانی دنیاییدا
بۆ نایه‌ته‌دی،
له جیهانێكی
دیكه‌دا ئاره‌زووی
بۆ ده‌خوازێ.
خانی به‌پێچه‌وانه‌ی
زاهیدانی ڕیایی
و فه‌قیهانی
له‌خۆبایی،
زانست و عیرفانی
خۆی نه‌كرده
مه‌به‌ستی
گیرفانی و وه‌سیله‌ی
دنیایی. بۆیه
جگه له ته‌عسسوب
و خۆخوازی كوردایه‌تی
(كه هۆی سه‌ره‌كی
دانانی مه‌م
و زینیش
هه‌ر ئه‌وه
بووه) خوازه‌ری
هیچ چه‌شنه
ویشكه‌ڕۆیی
مه‌زهه‌بی
و بیرپه‌ڕۆیی
مه‌ڕامی و زۆرگۆیی
عه‌قیده‌یی
نه‌بووه و،
ته‌نانه‌ت
له‌و كاته‌شدا
كه بنه‌ماڵه‌ی
سه‌فه‌وییه‌كان
له ئێران جه‌ماعه‌تی
سوننی مه‌زهه‌ب
قه‌تڵ و بڕده‌كه‌ن
و عوسمانییه‌كان
جه‌ماعه‌تی
شیعه؛ خانی
بیر و زمان و
قه‌ڵه‌می خۆی
به ژه‌هری
ته‌عه‌سسوب
و خۆخۆیی فیرقه‌یی
ئالووده‌ناكا.
ئه‌گه‌ر له
یه‌كدوو شوێنیش
باسی (عه‌لییه
و سه‌عالیك)
ده‌كا،
مه‌به‌ستی
ته‌عه‌سسوبی
نه‌ته‌وه‌یی
یه، نه‌ك مه‌زهه‌بی:
مه‌حكومێ عه‌لییه
و سه‌عالیك
مه‌غلوب و موتیعێ
تورك و تاجیك
ئه‌وه‌ش له‌به‌ر
ئه‌وه‌یه
كه هه‌م بنه‌ماڵه‌ی
سه‌فه‌وییه‌كان
و هه‌م بنه‌ماڵه‌ی
عوسمانییه‌كان
دوژمنی ڕاسته‌وخۆی
میلله‌تی كوردبوون
كه خانی به
نێوی (شه‌یاتین
و مه‌لاعین)
نێویان ده‌با
و پێغه‌مبه‌ر
ده‌كاته تكاكار
تا خودا له
ناویان به‌رێ:
دێ شاد ببن ل
مه شه‌یاتین
مه‌سروور ببن
گه‌له‌ك مه‌لاعین
ئه‌ف گورگێ
له‌عینێ به‌د
سه‌رئه‌نجام
ژێ كه‌ر بكرن
مه شبهێ ئه‌غنام
ئه‌لقیسسه
بكه‌ی كو دێوێ
سه‌ركه‌ش
ته‌نها و ته‌نێ
بچێته ئاته‌ش
ئه‌گه‌ر له‌و
چه‌ند دێڕانه‌ی
سه‌ره‌وه
وردبینه‌وه
بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ
كه خانی مه‌به‌ستی
شه‌یتان و گورگ
و دێوه‌كانی
دنیایی بووه،
نه‌ك ئه‌و شه‌یتانه
گۆرینه‌ی كه
له باره‌گای
خودادا بۆی
ده‌پاڕێته‌وه.
هه‌رچه‌ند
له باری عیرفانییه‌وه،
مه‌به‌ست له
دێ‌و و
شه‌یتان، نه‌فسی
پیس و په‌له‌شت
و ده‌روونی
دێوسفه‌تانه‌یه،
به‌ڵام خانی
به هێنانی
نیوه‌به‌یتی
(ژێ كه‌ر بكرن
مه شبهێ ئه‌غنام)،
به وردی مه‌به‌ستی
هه‌ر ئه‌وان
بووه كه ئه‌و
مه‌به‌سته‌ی
به ورده‌كارییه‌كی
شاعیرانه
(كینایه و ئیهام)
ده‌وێدا گونجاندووه.
خانی بۆچی ئه‌و
ڕووداوه ئاساییه‌ی
چه‌ند سه‌د ساڵ
پێش خۆی كه
به شێوه‌ی
به‌یتی فۆلكلۆر
له ناو زۆربه‌ی
خه‌ڵكی كوردی
ناوچه جۆربه‌جۆره‌كاندا
باوبووه،
بۆ بنه‌مای
به‌رهه‌مه‌كه‌ی
هه‌ڵبژارد؟
بۆچی بۆ ده‌ربڕینی
ویست و خواستی
ڕوحی و كۆمه‌ڵایه‌تی
خۆی، ئه‌و شاكاره‌ی
له ژێر ئه‌و
نێوه‌دا داهێنا؟
چ هۆیه‌ك پاڵی
پێوه‌نا كه
به ته‌ماعی
دراو و دینار،
عیلم به پووڵێك
و حیكمه‌ت به
سه‌وڵێك نه‌فرۆشێ
و، وه‌ك كیمیاگه‌رێك
جه‌وهه‌ری
فێڵ و ده‌هۆ
و ده‌غه‌ڵكاری
ده‌خۆیدا بپاڵێوێ
و غه‌ره‌ز و
مه‌به‌ست و
ئامانج نه‌كاته
وه‌سیله و
ماڵی دنیایه؟
ئایا خۆشه‌ویستیی
چ كچه شۆخێكی
كوردی دڵ و دین
به‌تاڵانبه‌ر،
دڵی ئه‌و مه‌لا
عارف و خوداناسه‌ی
وه‌جۆش هێناوه
تا مه‌م و زین
بكاته به‌هانه
بۆ ده‌ربڕینی
عیشقێكی پاك
و ئه‌به‌دی؟
ئه‌وانه پرسیارگه‌لێكن
ڕه‌نگه هه‌ركه‌س
به پێی گه‌ز
و مقه‌ستی خۆی
بیبڕێ یان به
گوێره‌ی بیر
و مه‌به‌ستی
خۆی لێكی بداته‌وه.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی
ڕوونه و خانی
خۆشی له زۆر
جیگای شاكاره‌كه‌یدا
باسی ده‌كا،
ویستوویه
كه‌سایه‌تییه‌كی
شیاوی ئه‌ده‌بی
و ئینسانی و
نه‌ته‌وایه‌تی
بۆ كوردی ون
و بێ نێوونیشان
بخاته‌ڕوو
و گه‌لی كوردیش
(وه‌ك گه‌لانی
خودا شت پێداو)
به گه‌لانی
دراوسێ و جیهان
بناسێنێ.
ده‌وه‌دا كه
مه‌م و زینی
خانی وه‌ك گرینگ‌ترین
و به‌پێزترین
به‌رهه‌می
ئه‌ده‌بیی
كوردی و جیهانی
چاولێده‌كرێ
شك نییه. به‌ڵام
به له‌به‌رچاوگرتنی
شێوازی داهێنان
و جۆری ده‌ربڕینی
ئه‌ده‌بی،
ئایا مه‌م و
زین ده‌خرێته
خانه‌ی كام
به‌شی ئه‌ده‌بییه‌وه؟
ئایا داستانێكی
ساده‌ی دڵداری
یه له سه‌ر
بنه‌مای به‌یتێكی
فۆلكلۆری كۆنه‌ساڵ،
یان چیرۆكێكی
حیماسی (epic) یه له سه‌ر
ئه‌ساسی ئه‌فسانه
و خه‌یاڵ؟ ئایا
ڕۆمانس (romance)ێكی ڕۆمانتیكه
یان چیرۆكێكی
تراژێدی و عه‌نتیكه؟
ئایا ڕووداوێكی
زه‌مانی و مه‌كانی
یه، یان چیرۆكه
شێعرێكی عیشقی
ــ عیرفانی؟
ئایا پۆئێم
(poem)ێكی خوماڵی
و داهێنه‌رانه‌یه
یان كۆمه‌ڵه
هۆنراوه‌یه‌كی
ئاڵی و چاولێكه‌رانه؟
هه‌روه‌ك خانی
ده به‌رهه‌مه‌كه‌ی
خۆیدا بۆمان
ئاشكرا ده‌كا،
ئه‌و داستانه
له كۆنه‌وه
وه‌ك به‌سه‌رهاتێكی
ڕاسته‌قینه
ڕوویداوه
و شێوه‌ی به‌یتی
فۆلكلۆری (ئه‌ده‌بی
زاره‌كی) به
خۆیه‌وه گرتووه
و پاشان به‌ره‌به‌ره
له لایه‌ن
بوێژان و به‌تایبه‌ت
به‌یتبێژه
خۆماڵییه‌كان،
به گوێره‌ی
زه‌وق و بیر
و باوه‌ڕی كۆمه‌ڵایه‌تی
سه‌رده‌م گۆڕانكاری
تێدا كراوه.
گومان له‌وه‌دا
نییه كه ئه‌و
ڕووداوه،
چ له شێوه‌ی
به‌یته فۆلكلۆرییه‌كه
بێ و چ له شێوه‌ی
سه‌رله‌نوێ
داڕشتنه‌وه‌كه‌ی
خانی بێ، به
ڕووداوێكی
تراژیك له
قه‌ڵه‌م ده‌درێ
و له باری جۆری
داڕشتنی ئه‌ده‌بییه‌وه
ده‌چێته ناو
خانه‌ی تراژێدییه‌وه،
به‌ڵام تراژێدی
نه‌ته‌وه‌یی
یان تراژێدی
عیشقی؟ ئه‌گه‌ر
بێتوو قه‌ڵه‌می
لێكدانه‌وه
بۆ هه‌ر كام
له‌و دوو دیارده‌یانه
داشكێنینه‌وه،
ئاخرسه‌ر هه‌ر
تراژێدییه‌كه
ده‌مێنێته‌وه
و جیاكردنه‌وه‌یان
زه‌حمه‌ته.
ئه‌و ناكۆكی
و ناته‌باییانه‌ی
كه له نێوان
كرمانج (كورد)
و دوژمنانی
ڕاسته‌وخۆی
كورددا هه‌بوون
له‌لایه‌ك
و، له‌لایه‌كی
دیش بێنه‌وبه‌ره
و به‌ربه‌ره‌كانی
نێوان خودی
سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كان
(ئه‌میره‌كان)
بوونه هۆی
ئه‌وه كه
خانی، خوازی
ڕوحی و ویستی
كۆمه‌ڵایه‌تی
خۆی بخاته
ناو چوارچێوه‌ی
شێعره‌وه.
مه‌به‌ستی
سه‌ره‌كی خان‌یش
هه‌ر ئه‌وه
بووه كه شه‌رحی
غه‌می دڵ (تراژێدی
نه‌ته‌وه‌یی)
بكاته چیرۆك
و، مه‌م و زین
(تراژێدی عیشقی)
یش بكاته به‌هانه
كه ئاوێته‌كردنی
ئه‌وانه پێكه‌وه
و گونجاندنیان
له‌گه‌ڵ بارودۆخی
زه‌مانه،
خۆی ئه‌و په‌ڕی
بیربه‌رزی
و ناسك خه‌یاڵی
خانی ده‌گه‌یێنێ:
شه‌رحا غه‌مێ
دڵ بكه‌م فه‌سانه
زین و مه‌مێ
بكه‌م به‌هانه
نه‌غمێ وه
ژ په‌رده‌یێ
ده‌رینم
زینێ و مه‌مێ
ژ ن‌و وه ژینم
...
یه‌كێك له
تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی
تراژێدی (به‌تایبه‌ت
تراژێدی عیشقی)
ئه‌وه‌یه
كه هیچ چه‌شنه
پێوانه‌یه‌كی
عه‌قڵی و مه‌نتیقی
به خۆوه ناگرێ
و هیچ حه‌ول
و ته‌قه‌للایه‌كیش
چاره‌ساز و
كاربڕ نییه.
دیاره ئه‌و
دیارده‌یه‌ش
ده‌گه‌ڵ كاكڵی
جیهانبینی
خانی كه باوه‌ڕی
به چاره‌نووس
هه‌بووه یه‌ك
ده‌گرێته‌وه.
پێویسته ئه‌وه‌ش
بگوترێ كه
ئه‌و قۆناغه‌ی
خانی تێیدا
ژیاوه، هه‌ر
ئه‌وه‌ی لێ
چاوه‌ڕوان
ده‌كرا. كه
وابوو، له
تراژێدیدا،
دژێتی له نێوان
ویست و خوازی
مێژوویی و كۆمه‌ڵایه‌تی
له لایه‌ك
و، نه‌بوونی
وزه و توانایی
بۆ گه‌یشتن
به ئامانج
له لایه‌كی
دیكه‌وه،
خۆ ده‌نوێنێ.
هه‌روه‌ك لۆسیۆن
ئه‌دیبی گه‌وره‌ی
چینی ده‌ڵێ:
«له تراژێدیدا
هه‌میشه له‌ناوچوون
و توانه‌وه‌ی
شتی جوان و پڕ
بایه‌خ نیشانی
خه‌ڵك ده‌درێ».
له بارودۆخ
و قۆناغی تراژێدیدا،
قاره‌مانی
تراژیك هه‌میشه
ده‌سته‌ودامانی
كاره‌سات و
به‌دبه‌ختی
و نه‌هاتی یه
و، ئه‌نجامه‌كه‌شی
هه‌ر مه‌رگ
و نه‌مانه.
مه‌م و زینێكی
هه‌ناسه‌سارد
و بێ تاوان،
یه‌كیان له
گۆشه‌ی زیندان
و ئه‌وی دیكه‌یان
له قوژبنی
ماڵ ده‌ئاخندرێ
و هیچیشیان
توانایی ئه‌وه‌یان
نییه خۆیان
له‌و قۆناغه
تراژێدییه
ڕزگار بكه‌ن.
بۆ كوردستانی
دوو پارچه‌كراوی
سه‌رده‌می
خانی، ئێمه
دوو ده‌سته
قاره‌مان ده‌بینن.
مه‌م (و زین) نوێنه‌ری
عیشقی پاك و
هه‌روه‌ها
سه‌مبولی ویست
و خوازی كوردایه‌تیی
خانی و، به‌كر
و میر زه‌ینه‌دین،
نوێنه‌ری پیسی
و ناپاكی و سه‌مبولی
جاشی و دووبه‌ره‌كی؛
دیاره له
نێوان ئه‌و
دوو هێزه هاوبه‌ره
سه‌ره‌كییه‌دا،
هێندێك قاره‌مانی
دیكه‌ش خۆ ده‌نوێنن
كه ده‌یانه‌وێ
ڕووداوه‌كان
به‌ره‌و لایه‌نی
حه‌ق و خێر و
چاكه داشكێنه‌وه.
بۆ نموونه،
چه‌كۆ و عه‌رفۆ
ده سیمای دوو
قاره‌مانی
حیماسیدا دژی
باره‌گای میر
ده‌خرێنه
مه‌یدان و هه‌ڕه‌شه
و گوڕه‌شه‌یه‌ك
ده‌كه‌ن، به‌ڵام
له توانایاندا
نییه گۆڕانكارییه‌كی
بنه‌ڕه‌تی
پێك‌بێنن. هه‌رچه‌ند
به‌كر عه‌وانی
وه‌ك ماكه‌ی
خراپه له‌و
ناوه‌دا سه‌ری
تێداده‌چێ،
به‌ڵام له
ڕاستیدا ڕه‌وتی
ناكۆكی و دژێتی
وه‌ك واقیعی
كۆمه‌ڵایه‌تی
بۆ لای به‌ره‌ی
حه‌ق و خێر داناشكێته‌وه
كه جه‌وهه‌ری
تراژێدییه‌كه‌ش
هه‌ر لێره‌دایه.
هه‌ر بۆیه‌شه،
خانی به پێچه‌وانه‌ی
لایه‌نی عیرفانی
به‌یته فۆلكلۆرییه‌كه،
كه زۆر ماكه‌ی
ئه‌فسانه‌یی
و دوور له باوه‌ڕی
تێدایه، لانیكه‌م
بۆ گونجانی
واقیعی سه‌رده‌م،
دێنێ هه‌موو
كه‌سه‌كانی
چیرۆكه‌كه‌ی
ده‌خاته شوێنێكی
دیاریكراو
و بنه‌ماڵه‌یه‌كی
خاوه‌ننێوی
كورد تاكوو
وه‌ك سه‌مبولی
كوردستان ئه‌م
دیارده‌یه
پڕ ڕه‌نگ بكاته‌وه.
بۆیه هه‌موویان،
ڕوواڵه‌ت و
بوواڵه‌تی
تراژێدیان
هه‌یه. له
میر زه‌ینه‌دینه‌وه
بگره هه‌تا
به‌كر عه‌وانی
و قه‌ره‌تاژدین..
ئه‌وه‌یكه
ئه‌ماره‌ت
و باره‌گای
میر، به‌بێ
به‌كر عه‌وانی
سه‌هه‌نده
و سه‌یانی هه‌ڵناسووڕێ،
تراژیكه. یان
ئه‌وه‌یكه
قه‌ره‌تاژدین
هه‌موو كۆشك
و سه‌رای خۆی
ئاورتێبه‌رده‌دا
و.. ئاخرسه‌ر
ده‌بێته بكوژی
به‌كر هه‌ر تراژیكه
(به دووریشی
نازانم كه
سه‌رچاوه‌ی
هه‌موو ئه‌و
ده‌هۆ و دووزمانییه‌ی
كه به‌كر ده‌یكا
له‌وانه‌یه
یه‌كێك بووبێ
له ڕه‌قیبانی
كاكه مه‌م،
به‌ڵام ناوێرێ
ده‌ری ببڕێ)..
به كورتی ئه‌وه‌یه
چاره‌نووسی
قاره‌مانی
تراژیك كه
خانی بۆخۆشی
هه‌ر چاره‌نووسێكی
تراژێدی هه‌یه.
خانی نه‌یویستووه
له به‌رهه‌مه‌كه‌یدا،
سه‌ره‌ڕای
كاكڵ و مانا
عیرفانییه‌كه‌ی
ــ گۆڕانكارییه‌كی
سه‌یر و دوور
له واقیعی
كۆمه‌ڵایه‌تی
پێكبێنێ و،
ئه‌و دوو دڵداره
ناكامه‌ی سه‌رده‌می
خۆی به حاڵه‌تێكی
ڕۆمانتیكی
به یه‌ك بگه‌یێنێ
و پاشان چه‌پڵه‌ی
درۆی بۆ لێبدرێ.
چونكه به
گوێره‌ی سرشت
و جه‌وهه‌ری
تراژێدی به‌تایبه‌ت
كه قۆناغه‌كه‌ش
هه‌ر تراژێدی
(نه‌ته‌وه‌یی)
بێ، قاره‌مان
بۆی نییه یان
بۆی نالوێ نیازی
ڕوحی و ویستی
مێژوویی و خوازی
كۆمه‌ڵایه‌تی
خۆی به‌دیبێنێ،
جگه له ئاكامێكی
تراژیك هیچ
چاره‌نووسێكی
دیكه چاوه‌ڕوان
ناكرێ. بۆیه
ئه‌گه‌ر به
وردی لێكی بده‌ینه‌وه،
یان وه‌ك له
سه‌ره‌وه
گوتمان ئه‌گه‌ر
به پێوانه‌ی
عیرفانیش بێ،
ده‌بینین ئه‌وه
خودی خانی یه
كه ده ڕووخساری
مه‌م (مه‌به‌ست
و ئامانج)دا
خۆی ده‌نوێنێ
و، له ڕاستیشدا
مه‌م هه‌ر خۆیه‌تی
كه مه‌رگ و
نه‌مانی خۆی
له پێناو ئه‌وینی
زین (كوردستان)دا
ده‌قه‌بڵێنێ
و ئاخرسه‌ر
كوردستانه‌كه‌ش
ده‌دۆڕێنێ.
ئایا له سه‌رده‌مێكی
ئه‌وهاییدا،
كه ته‌واوی
ئه‌ماره‌ته
خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌كانی
كورد یه‌ك له
دوای یه‌ك ــ
له‌وانه ئه‌ماره‌تی
بۆتان (جزیر)
ــ له حاڵی
له‌ناوچوون
و توانه‌وه‌دان،
خانی جگه له
چیرۆكێكی تراژێدی
چی خوڵقاندبایه؟!
چۆن وه‌ك چاره‌نووسێكی
دیاریكراو،
پێشوه‌خت خۆی
له (مه‌م وزین)
دا نه‌مراندبایه؟!
ئه‌وه له
حاڵێكدایه
دوای تێپه‌ڕبوونی
سێسه‌د ساڵ
هه‌ر ده‌ڵێی
ئه‌وڕۆیه
كه‌وا خانی،
له گۆشه‌ی
حوجره‌كه‌یدا
دانیشتووه
و بۆ هه‌موو
ئه‌و مه‌م و
زینانه‌ی سه‌رده‌می
خۆی و به‌تایبه‌ت
كوردستانه‌كه‌ی
كه به ده‌ردی
«مه‌م و زی»ان
چووه و ئێستاش
هه‌ر له قۆناغی
تراژێدی دایه..
مه‌زڵومومانه
و به‌وپه‌ڕی
هه‌ناسه‌ساردییه‌وه
ده‌لاڵێته‌وه
و ده‌ڵێ:
ئه‌ز مامه
د حیكمه‌تا
خودێ دا
كورمانج د ده‌وڵه‌تێ
دنێ دا
ئایا به چ وه‌جهێ
مانه مه‌حرووم
بیل جومله
ژ بۆچ بوونه
مه‌حرووم
لێره‌دایه
كه تراژێدی
و چاره‌نووسی
مه‌رگه‌ساتی
قاره‌مانانی
خانی به ته‌واوی
تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی
سه‌رده‌می
خۆی، جارێكی
دیش له سه‌رده‌می
ئێمه‌دا ده‌ووپاتده‌بێته‌وه.
• ئه‌و گوتاره له
كاتی خۆیدا به
بۆنه‌ی سێسه‌ده‌مین
ساڵی دانانی (مه‌م
و زین)دا نووسراوه
و، له گزینگی
ژماره 9(پاییزی
1374ــ 1995)دا چاپكراوه. |