کات.. چه‌ند ساتێکی
خۆشی ته‌مه‌ن
کورت بوو!
وه‌رزیش..
وه‌رزی ونبوونی
گوڵ و په‌پووله
و خۆر بوو!
هه‌رچه‌ندی
به ڕوخسارتا
ده‌مڕوانی،
نه‌مده‌توانی
ئه‌وه‌ی تۆ
ده‌ته‌وێ بیانڵێی
من بیانخوێنمه‌وه،
ته‌نها له
بیرمه ئه‌و
ساتانه‌ی نیگاکانم
ده‌بوونه
دوو ده‌ریا
و شه‌پۆلیان
بۆ که‌ناری
حه‌زت ده‌هێنا،
لێوه‌کانم
گڕووی ماچێکی
ته‌ڕیان ده‌گرت.
خوازیار بووم
له جیاتی دڵێک
ده‌یان دڵم
هه‌بوایه
و هه‌ر تاوێ
ئه‌میری دڵێکم
بوویتایه!
کاتێک له ئامێزی
خه‌ونه‌کانما
چاوت لێکده‌نا، هه‌موو
ترپه‌یه‌کی
دڵت بانگی منی
ده‌کرد. هه‌موو
هه‌ناسه‌یه‌کت
بۆنی منیان
گرتبوو. ده‌سته‌کانت
گه‌رم بوون.
سنگت کردبوه
دوڕگه‌یه‌کی
بێ ناسنامه
و ڕێگات پێدام
سه‌یرانی به‌هاره
به‌سه‌رچووه‌کانم
نوێ بکه‌مه‌وه.
تازه
له دایک بووبووم،
هێشتا ناوێکی
تازه‌ت بۆ نهدۆزیبوومهوه
و جلکی نوێت
بۆ نهسهندبووم،
تۆزی ڕێگا، ڕه‌نگی
جانتاکانی
سهفهرتی بزر کردبوو. مابووی،
زۆرمان مابوو،
هێشتا ئه‌و
قاقا پێکه‌نینانه‌ی
خوازم ده‌کردن
گوێی ژووره‌که‌میان
پڕ نه‌کردبوو
له پرسیار،
شێرهبهفرینهکهمان
دروست نه‌کردبوو،
په‌نجه‌کانمان
له باوه‌شی
نازی یه‌کا
گه‌رمیان نه‌بووبۆوه.
کات.. دوا ڕۆژی
ساڵێکی پڕ له
نائومێدی بوو!
وه‌رزیش..
وه‌رزی گریانی
ئاسمان و ڕنینه‌وه‌ی
پرچی دارستان
و تووڕه‌بوونی
هه‌ور و
زیزبوونی
خۆر بوو!
چاوه‌ڕێ
بووم له ئامێزتا
قژم شانه بکه‌م.
ئه‌سرینه
تۆراوه‌کانم
ئاشت بکه‌یته‌وه،
که‌چی به‌فر
و خه‌نده و
ماچت تۆراند.
جه‌سته‌مت
کرده به‌سته‌ڵه‌ک
و دڵم بوو به گۆڕی هیواکان
و، له پێش که‌رنه‌ڤاڵی
دوا شه‌وی ساڵا
جێت هێشتم. چه‌ندین
پرسیارت هه‌روا
بێ وه‌ڵام هێشته‌وه!
کات.. هه‌روه‌ک
خۆیه‌تی له‌و
ڕۆژه‌وه به‌فر
به باڵای وه‌رزه‌کانم
بڕاوه و خۆر
له سه‌ر کیشوه‌رم
هه‌ڵنایه‌ت،
ئاسمان به‌رده‌وام
بۆ دڵی پڕ له
حه‌سڕه‌تی
من ده‌گری.. به کوڵ
ده‌گری. منی
هه‌میشه چاوه‌ڕێ
نه به‌وه
گه‌ییم چاوه‌کانت
بخوێنمه‌وه
و نه دیارییه‌کانت
هه‌ڵواسم به داری
میلادا.
ئێستا
گه‌ڕاومه‌ته‌وه
ئه‌و زه‌مه‌نه‌ی
که گریان بۆ ته‌نهایی
دروست بوو!
هۆله‌ندا،
2005
• • •