دوو پارچه‌ شێعر:
جگه‌ره‌، مێژوو
ئاسۆ بایزیدی

جگه‌ره‌

هه‌مو شه‌وێ
یاده‌كانت یه‌خه‌م ده‌گرن
یادگارییه‌‌كان
یه‌كه یه‌كه له تۆ ده‌دوێن

هه‌مو شه‌وێ
یادێكی تۆ و جگه‌ره‌یه‌ك
جگه‌رێك و یادێكی تۆ

ته‌ربووی خه‌یاڵی كۆچی تۆم
هه‌ر ئێواره

بڵێی كه‌سێك
وه‌ڵامێكتم بۆ بهێنێ
یان ئه‌وه‌ی.. نا،
نایه‌یته‌وه‌
تا دووكه‌ڵی جگه‌ره‌كان                         
ده‌مخنكێنێ.

* * *

مێژوو

له لای یه‌كه‌م كانی و
سه‌ره‌وه‌ی یه‌كه‌م نیسێ
باپیرم
راوه‌ستاوه ده‌س به ئه‌ژنۆ

خوارتر
له گۆشه‌یه‌كی په‌رێزی سووتاو
نه‌نكم و چوار چراكه‌ی
داگیرساون

له سه‌ر سفره‌ی خه‌ڵكی مزگه‌وت
وركه نانی نوێژ ده‌بیندرێ
مووچه‌ی گه‌نم ده‌گری و
نه‌مامی ژان
ئارام ده‌روێ

له سه‌ر دیواری ماڵی خوا
وا نووسراوه‌:

سه‌ربه‌خۆیی سواڵێ ده‌كا...!!

• • •